عێراقچی: ئێران نەخشەی خۆبەدەستەوەدانی ئەمریکای رەتکردەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا وردەکاریی دانوستانە نهێنییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و لێکەوتە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی شەڕی 40 رۆژەی خستەڕوو و ئاشکرای کرد، چۆن تاران پڕۆژەی 15 خاڵیی خۆبەدەستەوەدانی ئەمریکای رەتکردووەتەوە و گۆڕیویەتی بۆ یاداشتنامەیەکی 14 خاڵی، هاوکات جەختی کردەوە، پشتبەستنی وڵاتانی کەنداو بە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا مایەی مەترسییە نەک ئاسایش.
سێشەممە 18ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا بە وردی سەرنجی خستە سەر دۆسیە هەستیارەکانی پەیوەست بە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، نەخشەی نوێی ئاسایشی ناوچەکە و شێوازی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان:
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، بەهۆی ئاڵۆزییە ناوخۆیی و ئابوورییەکانەوە وێنایەکی هەڵە لە جیهاندا دروست ببوو کە گوایە ئێران لاواز بووە و لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەڕووخێت، بەڵام خۆڕاگریی 40 رۆژەی ئێران لە بەرامبەر بەهێزترین سوپای جیهان و ئیسرائیل، ئەم چاوەڕوانییەی بە تەواوی گۆڕی.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: ئێمە بۆ ماوەی 40 رۆژ بەبێ هەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە بەرامبەر دوو دەوڵەتی خاوەن چەکی ئەتۆمیدا وەستاینەوە کە رۆژانە بۆردوومانیان دەکردین، بەڵام لە هەمان کاتدا کەشی ئاسمانیی ئەوان و بنکەکانی ئەمریکاش بۆ مووشەکەکانی ئێران کراوە بوو و هەموو رۆژێک زەبرمان لێدەدان. هێزە ئەمنییەکانمان تەنانەت دوای وێرانبوونی بنکەکانیان، لەژێر پردەکان و لە ناو ئۆتۆمبێل و پاسەکانەوە شەوانە ئەرکی پاراستنی ئاسایشیان بەجێدەگەیاند.
عێراقچی ڕایگەیاند، لە دوو هەفتەی سەرەتای شەڕەکەدا ئەمریکا هیچ داوایەکی بۆ ئاگربەست نەبوو و تەنیا دۆناڵد ترەمپ داوای خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێرانی دەکرد، بەڵام کاتێک لە ئامانجەکانیان بێئومێد بوون، لە دەوروبەری 22 بۆ 23ی رەشەممەوە داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ دانوستان دەستیپێکرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: ئەمریکییەکان سەرەتا دەقێکی 15 خاڵییان نارد کە لە راستیدا پەیماننامەی خۆبەدەستەوەدان بوو؛ بەڵام ئێمە رەتمانکردەوە و رامانگەیاند کە ئاگربەستی کاتیمان ناوێت، بەڵکو داوای کۆتاییهێنانی تەواوەتیی شەڕەکە دەکەین. دوای سێ مانگ دانوستانی سەخت بە نێوەندگیریی سەرەکیی پاکستان و دواتریش قەتەر، و بە پشتیوانیی تەواوی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و محەممەد قالیباف سەرۆکی پەرلەمان، توانیمان بگەینە یاداشتنامەیەکی 14 خاڵی کە هەڵگری سازشکردنی ئێران نەبوو و تەواو جیاواز بوو لە داواکارییە سەرەتاییەکانی ئەمریکا.
عێراقچی سەرنجی خستە سەر گۆڕانی تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەکە بۆ پرسی ئاسایش و گوتی: ئەم شەڕە سەلماندی کە پشتبەستن بە هێز و بنکە سەربازییە بیانییەکان ناتوانێت ئاسایش بۆ وڵاتانی کەنداو دابین بکات، بەڵکو خودی ئەو بنکانە بوونە مایەی تێکدانی ئاسایش بۆیان. ئەو وڵاتانەی بنکەی ئەمریکایان لەسەر نەبوو زۆر پارێزراوتر بوون لەوانەی میوانداریی ئەو بنکانەیان کردبوو.
وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە ئاسایشی کەنداو دەبێت ئاسایشێکی دەستەجەمعی و بەکۆمەڵ بێت کە رەهەندی هاوکاریی ئابووریش لەخۆبگرێت، چونکە ناتەبایی و نادادپەروەریی ئابووری و ئەمنی رێگە نادات ئاشتییەکی سەقامگیر لە ناوچەکەدا بچەسپێت.
عێراقچی باسی لەوە کرد کە لە یەکەم رۆژی هێرشەکەی ئەمریکاوە، پەیامی بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە ناردووە کە ئێران بنکەکانی ئەمریکا دەکاتە ئامانج بەڵام خاک و خەڵکی وڵاتانی دراوسێ ئامانجی تاران نین، ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، قەفقاز، ئەفغانستان، پاکستان، تورکیا و عێراق زۆر باش ماونەتەوە و لە کاتی شەڕدا لە بواری پێداویستیی پزیشکی و دەرمان و گەشتەکاندا هاوکاریی گەورەی ئێرانیان کردووە.
عێراقچی باسی لە دەستپێشخەریی نوێی ئێران کرد بە ناوی دیپلۆماسییەتی پارێزگاکان کە تێیدا دەسەڵاتی فراوان دراوەتە پارێزگا سنوورییەکانی ئێران تا پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی راستەوخۆی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ پارێزگاکانی وڵاتانی دراوسێدا ئەنجام بدەن و دەرفەتە پشتگوێخراوەکانی رابردوو بوژانەوەی پێبدرێت.