جێگری هاوسەرۆکی دەم پاتی: دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد دەکرێن

جێگری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند، یاسای چوارچێوە نزیکەی چوار هەزار زیندانی دەگرێتەوە و لە کاتی جێبەجێکردنیدا سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغیش ئازاد دەکرێن.

تایپ تەمەل، جێگری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ، لە بەرنامەیەکی کەناڵێکی نزیک لە پارتییەکەی رایگەیاند: سەرەڕای بوونی هەندێک کەموکوڕی، یاسای چوارچێوە بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ گرنگە. ئاماژەی بەوەش کرد، پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی وەک دانوستانکار دیاری کردووە و ئەگەر رۆڵی ئەو لە پرۆسەکەدا لە پێشەوە نەبێت، پرۆسەکە پەکی دەکەوێت.

تەمەل باسی لەوەش کرد، یاسای چوارچێوە هەندێک کەسایەتیی گرنگی وەلا ناوە و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە، بۆیە پێویستە لە قۆناخەکانی ئایندەدا لەلایەن میانیزمەکانی دیکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بگرێتە بەر. گوتیشی "نابێت تەنیا بە بانگەوازەکانی ئۆجەلان پرۆسەکە بەڕێوە بچێت، بەڵکو پێویستە ئۆجەلان لەناو کۆمسیۆنەکەدا بەشدار بێت، کۆبوونەوە بکات و بڕیار بدات."

جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاشکراشی کرد، بەرپرسانی دەوڵەت و پەکەکە کار بۆ دامەزراندنی میانیزمی نوێ دەکەن، ئامادەکارییە بنەڕەتییەکان تا مانگێک بەردەوام دەبن و دواتر هەنگاوی پراکتیکی دەنرێت.

دەربارەی چارەنووسی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە، تایپ تەمەل روونی کردەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ بەهۆی دۆسیەی پەکەکەوە تۆمەتبار کراون و زیندانی کراون، بۆیە ئەم یاسایە ئەوانیش دەگرێتەوە و بەگشتی ژمارەی ئەو کەسانەی بەپێی یاساکە ئازاد دەکرێن دەگاتە نزیکەی چوار هەزار کەس.