مالیکی: چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکهێناوە

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئاشکرای کرد، چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی تایبەتی بۆ پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پێکهێناوە، کە بەمزووانە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتدا کارەکانی دەستپێدەکات.

سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، پێشوازی لە جوشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد و پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی لەگەڵدا تاوتوێ کرد.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر داهاتووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و رێگەکانی پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا کرا، بە شێوەیەک کە لەگەڵ رێککەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵاتدا بگونجێت و سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بپارێزێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پرسی هەوڵەکانی حکوومەت لە بواری کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا تاوتوێ کرا. مالیکی جەختی لەوە کردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی بۆ ئەم بابەتە پێکهێناوە کە بەم زووانە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەت کارەکانی دەستپێدەکات بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو لە پێناو جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەدا.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختی لە گرنگیی چارەکردنی دۆسیەکە لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە کردەوە بە جۆرێک کە یەکپارچەیی هەڵوێستی نیشتمانی و ئاسایشی عێراق بپارێزێت.

نووری مالیکی هاوکات دووپاتی کردەوە، کە دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان، تەنیا بنەما و سەرچاوەن بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیە ئەمنی و سەربازییەکان.

لە لایەن خۆیەوە، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکوومەت لە بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات بە ئاراستەی خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق کردەوە.