ئەیاد عەلاوی سەرکۆنەی هێرشی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات

سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر نووسینگەکەی مەسرور بارزانی، هەروەها هێرشەکەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و سەقامگیریی عێراق ناو برد.

سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە، نامەیەکی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا نیگەرانی خۆی لەو هێرشە دەربڕی کە کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن. 

سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە، دەڵێت: ئەم هێرشە کارێکی رەتکراوەیە و زیان بە ئاسایشی هەرێم، سەروەری و سەقامگیریی گشتیی عێراق دەگەیەنێت و بە توندی سەرکۆنەی دەکەم.

ئەیاد عەلاوی جەختی لە پێویستیی ئاشکراکردنی بە پەلەی ئەو لایەن و هێزانە کردەوە کە لە پشت ئەم هێرشە مەترسیدارەوە وەستاون، لەگەڵ سزادانیان بە پێی یاسا.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، نابێت رێگە بدرێت بە دووبارەبوونەوەی کار و کردەوەی هاوشێوە کە هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق دەکەن.

سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە، لە کۆتایی نامەکەیدا، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە سەرۆکی حکوومەت سەلامەتە، هیوای خواست ئاسایش، ئارامی و سەلامەتی بۆ هەرێمی کوردستان، عێراق و سەرجەم خەڵکەکەی بەردەوام بێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری حەدید-110 لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە شارۆچکەی پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.