پێترایۆس: زەیدی لە داماڵینی چەکی گرووپەکان جددییە
بەڕێوەبەری پێشووتری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) داواکارییەکانی ئێرانی لە دانوستانەکان بە بێمانا ناوبرد و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، هاوکات هۆشداریی دا لەوەی هێرشەکانی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی ئابووری و وەبەرهێنانی بیانی لە عێراق دەخاتە مەترسییەوە.
سێشەممە 18ـی ئابی 2026، دەیڤید پێترایۆس، فەرماندەی پێشووتری هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان و بەڕێوەبەری پێشووتری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)، لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە لە لایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، شرۆڤەی وردی بۆ چەندین دۆسیەی گرنگی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
پێترایۆس لە بارەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران رایگەیاند: ئەوەی ئێستا ئێرانییەکان لە دانوستانەکاندا داوای دەکەن زۆر بێمانایە؛ ئەوان داوای قەرەبووی جەنگ، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانیان، کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان دەکەن، بەڵام ئەم مەرجانە بە هەموو شێوەیەک لای ئەمریکا قبووڵنەکراون.
ئاماژەی بەوە کرد، سیاسەتی ئێستای واشنتن بەکارهێنانی زۆرترین گوشارە لەسەر ئابووریی ئێران بۆ ناچارکردنی تاران تا بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ؛ ئاشکرای کرد، گەمارۆ ئابووری و دەریاییەکان بوونەتە هۆی داتەپینی 80%ی ئابووریی ئێران و دروستبوونی هەڵئاوسانێکی یەکجار زۆر و بارگرانییەکی قورسی دارایی بۆ ئەو وڵاتە.
سەبارەت بە دۆسیەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، پێترایۆس گوتی:من پێم وایە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا زۆر جددییە و خاوەنی سیاسەتێکی تەواو روونە، و لە سەردانەکەشی بۆ واشنتن ئەمە بە ئاشکرا دیار بوو. پێویستە تا کۆتایی مانگی ئەیلوول سەرجەم چەکەکان رادەستی دەوڵەت کرابن.
جەنەراڵە باڵاکەی پێشووی ئەمریکا روونی کردەوە، پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک کارێکی ئاسان نابێت و رەنگە بەشێک لە گرووپەکان پابەندی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران نەبن، بەڵام جەختی کردەوە، توانای دەزگای دژەتیرۆری عێراق و سوپای وڵاتەکە لە ئاستێکی زۆر بەهێزدایە بۆ پاراستنی سەقامگیری. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە داماڵینی چەکی گرووپەکان تەنیا داخوازیی ئەمریکا نییە، بەڵکو داواکاریی خودی سەرۆکوەزیرانی عێراقە کە ئازایانە لە هەوڵی بنبڕکردنی گەندەڵی و بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەتدایە.
پێترایۆس سەرنجی خستە سەر مەترسیی گرووپە چەکدارەکان و گوتی: ئەم گرووپانە تەنیا هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی عێراق، بەڵکو هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداویش، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەوان بۆ بەرژەوەندیی عێراق کار ناکەن.
سەبارەت بە هێرشەکەی سەر پیرمام، پێترایۆس گوتی: ئێمە ئاگادارین کە هێرشکراوەتە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ پێدەچێت هێرشەکە لە لایەن خودی ئێران یان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تارانەوە ئەنجام درابێت.
دەیڤید پێترایۆس باسی لە کاریگەریی ئەم هێرشانە لەسەر کەشی بازرگانی کرد و گوتی: مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی دەیانەوێت گرنگیی تەواو بە ئابووری و خۆشگوزەرانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بدەن، ژێرخانێکی بەهێز بنیات بنێن و کەرتە گرنگەکان ببووژێننەوە، بەڵام ئەگەر ئەم جۆرە هێرشە نایاساییانە بەردەوام بن، وا دەکات کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە گەورەکانی ئەمریکا لە هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دوودڵ بن و پاشەکشە بکەن.