پەرلەمانی عێراق فالح فەیاز بانگهێشت دەکات

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کردووە بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشد بدەن؛ هاوکات پەرلەمانتاران هۆشداری دەدەن ئەگەر کەمتەرخەمیی فەیاز بسەلمێنرێت، لە پۆستەکەی لادەبرێت.

سێشەممە 18ـی ئابی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، لیژنەکەیان بانگهێشتنامەی فەرمیی ئاراستەی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کردووە تا لە پەرلەمان ئامادە بێت.

دووبەردانی رایگەیاند، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026، کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، لە تەلاری پەرلەمانی عێراق هەریەک لە بەرپرسانی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، عەبدولئەمیر شەممەری، بەرپرسی ئۆفیسی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادە بن

ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە وەرگرتنی روونکردنەوەی فەرمییە لەسەر ئەوەی ئایا لایەنی عێراقی و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پێشوەختە لەو هێرشە ئاسمانییانەی ئەمریکا و سعوودیە ئاگادار بوون کە کرایە سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی یان نا، و بەرپرسانی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانیش وەک شایەتحاڵ لە بەردەم لیژنەکەدا گوتەی خۆیان دەدەن.

بەپێی زانیاریی پەرلەمانتاران، گومان دەکرێت پێش ئەنجامدانی هێرشەکان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فالح فەیازی لە مەترسیی بۆردوومانەکان ئاگادار کردبێتەوە، بەڵام ناوبراو هیچ رێکارێکی خۆپارێزیی پێویستی نەگرتووەتە بەر بۆ پاراستنی بنکە و هێزەکانی حەشدی شەعبی.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوە کرد، بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق جەختیان کردووەتەوە کە ئەگەر لە لێکۆڵینەوەکاندا بسەلمێنرێت فالح فەیاز پێشوەختە لە هێرشەکە ئاگادار کراوەتەوە و کەمتەرخەم بووە، ئەوا لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەماندا دەنگ لەسەر لادانی دەدەن لە پۆستی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.