عێراق و سعوودیە دۆخی ناوچەکە و رێگەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان تاوتوێ دەکەن

وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ هاوتا سعوودیەکەی، پێشهاتەکانی ناوچەکە، رێگەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، فۆئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودی، دۆخی هەستیار و پڕگرژی ناوچەکە و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئاسایشی گشتی تاوتوێ کرد.

بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەردوو وەزیر جەختیان لەسەر گرنگیی کارکردنی هاوبەش کردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەرەسەندنەکان و گەڕانەوە بۆ سەر رێڕەوی دانوستان و گفتوگۆ، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە چارەکردنی ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتییانە و، رێگری بکات لە فراوانبوونی بازنەی گرژییەکان کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە هەیە.

وەزیری دەرەوەی عێراق، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و راوێژکاری نێوان بەغدا و ریاز کردەوە، یەکانگیر لەگەڵ بەردەوامیی هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندیدارن بە دۆسیە و پێشهاتە هەرێمایەتییەکانەوە.