نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشمان نادەین

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تەلئەڤیڤ رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی نادات، ئاشکراشی کرد کە سووریا بە رێگەدان بە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لە بنکەیەکی ئاسمانیی نزیک حەلەب، لە لێواری بەزاندنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوانیاندا بووە.

لە بەیاننامەیەکدا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە، ئیسرائیل و سووریا لەسەر هێشتنەوەی دۆخی بەرقەرار (ستاتۆس کۆ) لە بابەتە ئەمنییەکاندا رێککەوتبوون، بەڵام سووریا لەسەر لێواری بەزاندنی ئەم ڕێککەوتنە بوو، ئەوەش بە ڕێگەدان بە هێزەکانی تورکیا بۆ ئەوەی لە بنکەیەکی ئاسمانی لە نزیک شاری حەلەب جێگیر ببن.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونیشی کردووەتەوە، ئیسرائیل بە بەردەوامی هۆشداریی دابووە سووریا کە جێگیرکردنی ئەو هێزانەی تورکیا هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵام دیمەشق بڕیاری دا ئەو ئاگادارکردنەوانە پشتگوێ بخات.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئیسرائیل بەرامبەر هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی خۆی بێدەنگ نابێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی و رێککەوتنی پێشوو (ستاتۆس کۆ) دەکات.

لەلای خۆیەوە، پێگەی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هێرشەکەی سەر بنکەی ئاسمانی ئەبو زوهور لە ئیدلب بۆ ئەوە بووە رێگری بکرێت هێزەکانی تورکیا لەو بنکەیە جێگیربکرێن. 

بەرپرسێکی باڵای تورکیاش رایگەیاندووە، ئەو وڵاتە لەو بنکەیە هێزی جێگیر نەکردووە و ئیسرائیل پاساو دەهێنێتەوە تا وڵاتانی دراوسێ بۆردوومان بکات و سەقامگیری ناوچەکە تێکبدات. 

هاوکات کەناڵی فۆکس نیوز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە باڵاترین ئاست زانیاری هەواڵگری زۆر هەستیاریان بە ئەمریکا داوە بەرلەوەی بنکەی ئاسمانی ئەبو زوهور لە ئیدلب بۆردومان بکەن. 

ئاشکراشی دەکات، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا تێدەگات لەوەی ناتوانێت وەک رژێمی پێشووی وڵاتەکەی هێزی بەکرێگیراوی هەبێت. لەبەرامبەردا بەرپرسێکی باڵای تورکیا بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، هیچ سەربازێکی تورکی لەو بنکەیەی سووریادا نییە کە ئیسرائیل بۆردوومانی کردووە.