ئێران رەتی دەکاتەوە هێرشی مووشەکی کردبێتە سەر ئیمارات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بانگەشەکانی ئیمارات لە بارەی هەڵدانی مووشەک لە خاکی ئێرانەوە بەرەو ئەو وڵاتە رەتکردەوە و هێرشەکەی بە بێبنەما ناوبرد؛ ناوبراو تۆمەتبارکردنی ئێرانی بە پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باش وەسف کرد و هۆشداریی دایە وڵاتانی ناوچەکە لە پیلانی ساختە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، بە تەواوەتی ئەو بانگەشانەی ئیماراتی رەتکردەوە کە باس لە هەڵدانی دوو مووشەکی بالیستی لە لایەن تارانەوە دەکەن بەرەو سنوورە ئاوییەکانی ئەو وڵاتە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای دەربڕینی نیگەرانی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە تۆمەتبارکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رایگەیاند: ئەم جۆرە تۆمەتبارکردنە پێچەوانەی پرەنسیپی دراوسێیەتیی باشە، و دەبێتە مایەی لەباربردنی ئەو هەوڵانەی کە ئێستا دەدرێن بۆ بەهێزکردنی متمانەی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی نائارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەقایی داوای لە سەرجەم لایەنە هەرێمییەکان کرد کە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و گوتی داوا لە هەموو لایەنەکانی ناوچەکە دەکەین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵۆزییە ئەمنییانەی کە بەهۆی کردەوە شەڕەنگێزە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە دروست بوون بەتایبەت پێشینەی چەندین ئۆپەراسیۆنی ساختە کە بە مەبەستی دروستکردنی دووبەرەکی ئەنجام دراون خۆیان لە ئاراستەکردنی تۆمەتی بێبنەما دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدوور بگرن.

دوێنێ وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاندبوو، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی دوو مووشەکی بالیستییان دەستنیشان کردووە کە لە ئێرانەوە بەرەو خاکی ئیمارات هەڵدرابوون؛ یەکێکیان لە دەرەوەی ئاوە هەرێمییەکان و ئەوی دیکەشیان لەناو سنووری ئاوە هەرێمییەکانی ئیماراتدا کەوتوونەتە ناو دەریاوە.