بەڕاک: تورکیا نزیک بوو لە وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، واشنتن بە چڕی کار دەکات بۆ دروستکردنی میکانیزمێکی رێگری لە پێکدادانی سەربازی لە نێوان هەریەک لە ئیسرائیل، تورکیا و سووریا؛ ئاشکرای کرد لە کاتی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو زهور، ئەنقەرە ئاگادار نەکرابووەوە و بەهۆی نزیکبوونەوەی فڕۆکەکان لە سنوورەکەی، تورکیا نزیک بووە لەوەی وەڵامدانەوەی سەربازیی هەبێت.

سێشەممە 18ـی ئابی 2026 تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و هاوکات باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، بۆ ئاژانسی رۆیتەرزی ئاشکرای کرد دوابەدوای بۆردوومانکردنی بنکەی ئاسمانیی ئەبو زهور لە باکووری رۆژئاوای سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە، واشنتن لە هەوڵدایە کەناڵێکی پەیوەندی و هەماهەنگیی سەربازی لە نێوان تەلئەڤیڤ، ئەنقەرە و دیمەشقدا دروست بکات تا رێگری لە هەر لێککتێنەگەیشتن یان پێکدادانێکی چاوەڕواننەکراو بکرێت.

باڵیۆزی ئەمریکا ئاشکرای کرد ئیسرائیل پێشوەختە تورکیای لە هێرشەکە ئاگادار نەکردبووەوە و گوتی: کاتێک فڕۆکە جەنگییەکان بەرەو باکوور و بە ئاراستەی خاکی تورکیا رۆیشتن، لە لایەن ئەنقەرەوە دەستنیشان کران؛ لە رووی لۆژیکییەوە تورکیا دەیتوانی ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی سەربازیی خۆی بکات، بەڵام خۆشبەختانە عەقڵیەت و بیرکردنەوەی هێمنانە توانی رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری دۆخەکە بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکانی ئیسرائیل لەو تێڕوانینەوە سەرچاوەی گرتبوو کە گوایە لەوانەیە تورکیا لە داهاتوویەکی نزیکدا بوونی سەربازیی خۆی لەو بنکەیەدا بەهێز بکات، ئەمەش پێویستیی دروستکردنی میکانیزمێکی هاوبەشی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان سەلماند.

بەڕاک سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە سووریا و ئیسرائیل دوای رووخانی ئەسەد چەندین خولی گفتوگۆیان لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە و ئاسایشی سنوورەکان ئەنجام داوە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.

نێردەی تایبەتی ئەمریکا جەختی کردەوە کە پێویستە چوارچێوەیەکی دیپلۆماسیی بەهێزتر دابنرێت و گوتی: وەبەرهێنان لە میکانیزمی دیالۆگ و لێکتێگەیشتندا زۆر کەم خەرجتر و هەرزانترە وەک لەوەی پەنا بۆ زمانی هێزی سەربازی ببرێت کە رەنگە سەدان ملیۆن دۆلار لەسەر وڵاتان بکەوێت؛ ئەولەویەتی ئێستامان هێورکردنەوەی گرژییەکان و دروستکردنی کەشێکی هاوسەنگە بۆ ئاشتی.

بنکەی ئاسمانیی ئەبو زهور نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی سنووری تورکیاوە دوورە و لە دوای ساڵی 2013ەوە وەک فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی چالاک کاری پێ نەکراوە و لە ماوەی شەڕی 14 ساڵەی ناوخۆی سووریادا چەندین جار دەستاودەستی پێکراوە.

تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل 8 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر هێڵی فڕین و کۆگاکانی بنکەکە، هاوکات سەرچاوە سەربازی و مەدەنییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر بۆردوومانەکە بدات.

تورکیا، کە خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لە نێو هاوپەیمانیی ناتۆدا و لەم مانگەدا رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی لەگەڵ پاکستان و سعوودیە واژۆ کردووە، هاوپەیمانی سەرەکیی حکوومەتی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریایە. ئەنقەرە ئێستا هاوکاریی مەشقپێکردنی سوپای سووریا دەکات و لە بواری سەربازی، دیپلۆماسی و بنیاتنانەوەی ژێرخان و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا پشتیوانیی دیمەشق دەکات.