ئەمریکا 17 ئێرانی بە هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دامەزراوەکانی تۆمەتبار دەکات

وەزارەتی دادی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تۆمەت نامەیەکی نوێکراوەی دژ بە 17 کەسی سەر بە کۆمپانیایەکی ئێرانی ئاشکرا کرد، بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانی ئەلیکترۆنی و دزینی زانیاری لە سەدان زانکۆی ئەمریکی و نێودەوڵەتی، کۆمپانیا گەورەکان و دامەزراوە حکوومییەکان لە بەرژەوەندیی سوپای پاسدارانی ئێران.

وەزارەتی دادی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا، تۆمەت نامەیەکی دادوەریی پێشکەشکراوی نوێی ئاشکرا کرد کە تێیدا 17 کەسی ئێرانی بە ئەنجامدانی هاککردن و سیخوڕیی ئەلیکترۆنی تۆمەتبار کراون.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی داددا هاتووە، ئەو 17 کەسە لە رێگەی دامەزراوەیەکەوە بە ناوی "پەیمانگەی مەبنا" لە ناوخۆی ئێران کاریان کردووە، و هەڵمەتە ئەلیکترۆنی و هاککردنەکانیان لەسەر داوا و لە بەرژەوەندیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ لایەن و زانکۆکانی سەر بە حکوومەتی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە هەڵمەتی هاککەرە ئێرانییەکان سەدان زانکۆی ناوخۆی ئەمریکا و زانکۆ نێودەوڵەتییەکان لە سەرانسەری جیهان، دەیان کۆمپانیای تایبەتی ئەمریکی لە کەرتە جیاوازەکاندا و لانیکەم 5 دامەزراوە و دەزگای فەرمیی سەر بە حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ویلایەتەکانی ئەمریکا کردووەتە ئامانج

ئەمە یەکەمجار نییە واشنتن ئەم گرووپە هاککەرە ئاشکرا دەکات؛ پێشتریش لە مانگی ئاداری 2018دا لە تۆمەت نامەیەکی پێشوودا، 9 کەس لەو 17 تۆمەتبارە بە فەرمی تۆمەتبار کرابوون بە ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر وەزارەتی کاری ئەمریکا، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، و تۆڕە ئەلیکترۆنییەکانی حکوومەت لە هەردوو ویلایەتی هاوای و ئیندیانا.