فەرەنسا دوو دیپلۆماتکاری ئێرانی دەردەکات
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، رایگەیاند، وڵاتەکەی لە وەڵامی دەستبەسەرکردن و هەڕەشەکردن لە کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە تاران لە مانگی تەممووزدا، بڕیاری داوە لە چەند رۆژی داهاتوودا دوو دیپلۆماتکاری ئێرانی لە خاکی فەرەنسا دەربکات؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تاران گەڕانەوەی دوو کارمەندەکەی فەرەنسای بۆ ئێران قەدەخە کرد.
سێشەممە 18ـی ئابی 2026، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: من پێشتریش رامگەیاندبوو کە ئەم کردەوە قبووڵنەکراوەی ئێران لێکەوتەی دەبێت، و ئاوایش بوو؛ لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا دوو دیپلۆماتکاری ئێرانی لە خاکی فەرەنسا دەردەکرێن.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، لە رێکەوتی 19ی تەممووزدا، کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە تاران لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کراون و رووبەڕووی هەڕەشە و ترساندنی جەستەیی بوونەتەوە. دوابەدوای ئەو رووداوەش، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئێرانی لە پاریس بانگهێشت کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی توند.
بڕیارەکەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا تەنیا یەک رۆژ دوای ئەوە هات کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو رێگە بە دوو کارمەندەکەی باڵیۆزخانەی فەرەنسا نادرێت بگەڕێنەوە بۆ تاران.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو دوو کارمەندە فەرەنسییەی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە رێگەی بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانی پشتیوانیکردن لە کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران، پەیماننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان پێشێل کردووە کە ماف و ئەرکەکانی نێردە دیپلۆماسییەکان دیاری دەکات.
لە بەرامبەردا، پاسکال کۆنفاڤرۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و گوتی:دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵبژاردەی ئەوەیان کردووە کە تۆمەتی تەواو هەڵبەستراو و ناڕاست بدەنە پاڵ کارمەندەکانمان و دۆسیەیەکی دەستێوەردانی دروستکراو بخوڵقێنن، تاوەکو پاساو بۆ رەفتار و کردەوە ناڕەواکانی خۆیان بهێننەوە.