وەزارەتی ناوخۆ: پرۆژەی دیواری ئەمنی لەنێوان عێراق و سووریا چووەتە قۆناخێکی نوێوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند, سەرکردایەتیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بەردەوامە لە تەواوکردنی دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، لە باکووری ناوچەی رەبیعەوە بەرەو فیشخابوور؛ ئەمەش وەک بەشێک لە پلانی تۆکمەکردنی بەربەستە ئەمنییەکان و پاراستنی سەروەریی سنوورەکانی وڵات.

سێشەممە 19ی ئابی 2026، عەمید محەممەد عەلی حەسوون، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) رایگەیاند، سەرکردایەتیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ تەواوکردنی پرۆژەی دانانی دیواری کۆنکرێتیی ئەمنی لەسەر هێڵی سنووریی نێوان عێراق و سووریا.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم قۆناخەی دروستکردنی دیوارە کۆنکرێتییەکە ناوچەکانی باکووری شارۆچکەی رەبیعە بەرەو دەوروبەری فیشخابوور لەخۆدەگرێت، بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر جۆرە دزەکردنێکی نایاسایی و قاچاخچێتی لە سنوورەکانەوە.

عەمید حەسوون ئاشکرای کرد، تەواوی کارەکانی دروستکردن و دانانی دیوارەکە لە رێگەی سەرچاوە و تواناکانی کارگەی کۆنکرێتیی تایبەت بە سەرکردایەتیی هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە جێبەجێ دەکرێت، کە ئەمەش رۆڵی سەرەکیی هەبووە لە خێراترکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی ئەمنی لەسەر تەواوی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات.