ئەکسیۆس: واشنتن بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا لە تەلەڤیڤ تووڕەیە
واشنتن بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا لە تەلەڤیڤ تووڕەیە ئەکسیۆس: ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە جێگیربوونی سوپای تورکیا بنکەی ئەبو زهوری بۆردوومان کردووە
پێگەی هەواڵیی (ئەکسیۆس)ی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل بە فەرمی ئیدارەی ترەمپی ئاگادارکردووەتەوە کە ئامانج لە بۆردوومانکردنی بنکەی ئاسمانیی ئەبو زهور لە باکووری سووریا، رێگریکردن بووە لە جێگیرکردنی سوپای تورکیا و گەیشتنی چەکی پێشکەوتوو بۆ ئەو بنکەیە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتن لەم هەنگاوە تووڕەیە و بەرپرسانی ئەمریکاش هێرشەکە بە بەشێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ناتانیاهۆ دەزانن.
چوارشەممە 19ی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، هێرشە ئاسمانییەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو زهور گرژیی گەورەی لە نێوان سێ هاوبەشی نزیکی واشنتن سووریا، تورکیا و ئیسرائیل دروستکردووە.
ئاماژەشی داوە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا نزیکبوونەوەی لە حکوومەتی سووریا وەک دەستکەوتێکی گەورەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی دەبینێت و هاوکات پەیوەندییەکی زۆر نزیکیشی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا هەیە، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەم مانگانەی دواییدا گرژیی تێکەوتووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئیسرائیل بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاگادارکردووەتەوە کە هێرشەکە بە مەبەستی رێگریکردن بووە لەوەی تورکیا سیستەمی چەکی پێشکەوتوو بگەیەنێتە ئەو بنکەیە و بوونی سەربازیی خۆی لە نزیک حەلەب و سنوورەکانی بەرفراوان بکات.
20 کاتژمێر دوای هێرشەکە، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ بە فەرمی بەرپرسیاریەتیی خۆی لە تۆڕی (ئێکس) راگەیاند و نووسی: سووریا لە لێواری پێشێلکردنی رێککەوتنی پاراستنی دۆخی ئەمنی بوو لەگەڵ ئیسرائیل لە رێگەی رەزامەندیدان بە هێزەکانی تورکیا بۆ جێگیربوون لە بنکەیەکی ئاسمانی لە نزیک حەلەب. ئیسرائیل چەندین جار هۆشداریی دابووە دیمەشق بەڵام گوێیان پێ نەدا، ئێمەش هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشمان قبووڵ ناکەین.
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی باڵای تورکیا بە توندی ئەم تۆمەتانەی رەتکردەوە و بە ئەکسیۆسی راگەیاند: هیچ بوونێکی سەربازیی تورکیا لەو بنکە ئاسمانییەدا نەبووە؛ ئیسرائیل پاساوی هەڵبەستراو دروست دەکات بۆ بۆردوومانکردنی وڵاتانی دراوسێ و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش ئاشکرای کرد، حکوومەتی سووریا پێشتر ئاگاداری نیگەرانییەکانی ئیسرائیل بووە و پەیامی بۆ ناردبوون کە نۆژەنکردنەوەی هێڵی فڕینی فڕۆکەخانەکە هیچ مەبەستێکی دوژمنکاریی لە پشتەوە نییە.
هێرشەکە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ئەنجامدرا و بە لانیکەم 8 بۆمب لە هێڵی فڕین و چەند کۆگایەکی بنکەی ئاسمانیی ئەبو زهور" درا (کە 45 میل لە سنووری تورکیاوە دوورە)؛ هێرشەکە زیانی بە هێڵەکانی فڕین گەیاند بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
هەروەها تۆم بەڕئک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە سووریا، لە تۆڕی (ئێکس) بێدەنگیی شکاند و ئاشکرای کرد کە هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوە و گوتی واشنتن "زۆر نیگەرانە" و هێرشەکە "پەرەسەندنێکی بێپێویستە و خزمەت بە سەقامگیری ناکات."
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا پێیان وایە کە ئەم هێرشەی ناتانیاهۆ پەیوەندیی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ئیسرائیلەوە هەیە.
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، حکوومەتی سووریا چەندین هەفتە بوو هەوڵی دەدا رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل جێبەجێ بکات بۆ دامەزراندنی "ناوەندێکی هەماهەنگیی هاوبەش لە ئوردن" بە مەبەستی بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە رووداوانە و سڕکردنی چالاکییە سەربازییەکان، بەڵام ئیسرائیل رەتیکردەوە ئەو ناوەندە کارا بکات و لە جیاتی ئەوە دزەکردن و هێرشەکانی سوپاکەی بۆ ناوچەکانی باشووری سووریا زیاتر کرد، ئەمەش وای لە دیمەشق کرد بیر لە بەرگریکردن لە خۆی بکاتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکی راشیانگەیاند، ئیدارەی ترەمپ داوای لە حکوومەتی سووریا کردووە دانبەخۆیدا بگرێت و هێمن بێت، بەو پێیەی دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل چارەسەرکردنی ئەم کێشانە لەگەڵ تەلئەڤیڤ زۆر ئاسانتر دەبێت.