تورکیا تۆمەتەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە سووریا رەتدەکاتەوە

نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، تەواوی تۆمەت و بانگەشەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی رەتدەکەینەوە و هێرشەکانی تەلئەڤیڤ بۆ سەر خاکی سووریا نایاساین؛ هاوکات جەختی کردەوە ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە هاوکارییە شەرعییەکانی لەگەڵ حکوومەتی سووریا و هەرگیز رێگە نادات سەقامگیریی ئەو وڵاتە تێکبدرێت.

چوارشەممە 19ی ئابی 2026، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، هەڵوێستی فەرمیی ئەنقەرەی لە بارەی لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی خستەڕوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەو تۆمەت و بانگەشانەی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە خراونەتەڕوو هیچ بنەمایەکی راستییان تێدا نییە و بێ بایەخن، و ئامانج لێیان تەنیا شەرعیەتدانە بەو هێرشە ئاسمانییە نایاساییانەی کە ئیسرائیل دەیکاتە سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا.

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا هۆکاری ئاراستەکردنی ئەو تۆمەتانەی بۆ مەرامی سیاسیی ناوخۆی ئیسرائیل گەڕاندەوە و رایگەیاند: ئەم تۆمەتانە لەو نیازەی ناتانیاهۆوە سەرچاوەیان گرتووە کە دەیەوێت لە پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدا، بەردەوامی بە سیاسەتە فراوانخوازی و تێکدەرەکانی بدات لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە تورکیا هاوشێوەی زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پشتیوانی لە چەسپاندنی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەمان دەکات. تاکە رێگەش بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ئەوەیە کە ناتانیاهۆ دەستبەرداری سیاسەتە شەڕەنگێز و زۆرەملێکانی ببێت و رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت.

سەرۆکایەتیی تورکیا هەڵوێستی جێگیری وڵاتەکەی بەرامبەر دیمەشق دووپاتکردەوە و نووسیویەتی: تورکیا بە شێوەیەکی نەگۆڕ و لەسەر بنەمایەکی شەرعی، بەردەوام دەبێت لە هاوکارییەکانی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لەو وڵاتەدا، و هەرگیز رێگە نادات دۆخی سووریا بەرەو ناسەقامگیری و ئاژاوە ببردرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، تەلئەڤیڤ رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی نادات و سووریا بە رێگەدان بە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لە بنکەیەکی ئاسمانیی نزیک حەلەب، لە لێواری بەزاندنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوانیاندا بووە.

لە راگەیەندراوەکەدا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دابوو، ئیسرائیل و سووریا لەسەر هێشتنەوەی دۆخی بەرقەرار لە بابەتە ئەمنییەکاندا رێککەوتبوون، بەڵام سووریا لەسەر لێواری بەزاندنی ئەم رێککەوتنە بوو، ئەوەش بە رێگەدان بە هێزەکانی تورکیا بۆ ئەوەی لە بنکەیەکی ئاسمانی لە نزیک شاری حەلەب جێگیر ببن.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونیشی کردبووەوە، ئیسرائیل بە بەردەوامی هۆشداریی دابووە سووریا کە جێگیرکردنی ئەو هێزانەی تورکیا هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵام دیمەشق بڕیاری دا ئەو ئاگادارکردنەوانە پشتگوێ بخات.