قالیباف لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆدەبێتەوە
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا گهیشته بەغدا و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە لە شوێنی ڤی ئای پی پێشوازیی لێ دەکرێت.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، بڕیارە قالیباف وتارێک لە شوێنی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس پێشکەش بکات، کە لە ساڵی 2020ـدا لە ئەنجامی هێرشێکی ئەمریکادا کوژران. بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، قالیباف ئەمڕۆ لەگەڵ سەرکردایەتییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.
هەروەها رایگەیاند، بڕیارە قالیباف و شاندی یاوەری کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتاران و لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان بکەن، پاشان لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە. سەرۆکی پەرلەمانی ئێران چەند رۆژێک لە عێراق دەمێنێتەوە و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەش دەبنینێت.
بە گوتەی پەیامنێری کوردستان24، لەو کۆبوونەوەیەدا چەند پرسێکی گرنگ لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی تاوتوێ دەکرێن، بەتایبەتی پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان؛ هەرچەندە لە راگەیەندراوە فەرمییەکانی ئێراندا باس لەوە کراوە ئامانجی سەردانەکەی قالیباف بریتییە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەردوولا، ئاسایشی سنوورەکان و واژۆکردنی چەند رێککەوتننامەیەک.
لە لایەکی ترەوە، چەند سەرچاوەیەک لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بە دیلان بارزانیان راگەیاندووە، قالیباف سەرکردەکانی بەرەی مقاوەمە و چوارچێوەی هەماهەنگی دەبینێت و پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵیاندا تاوتوێ دەکات.
نوێ کراوەتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، عەدنان فەیحان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پێشوازیی لە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرکەنابت ئێران و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەخێرهاتنی قالیباف و شاندی میوانی کرد و جەختی لەسەر پەیوەندییە مێژوویی و برایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
هەروەها تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەم سەردانە لەپێناو پەرەپێدانی هاوکاریی پەرلەمانی و فراوانکردنی ئاسۆی هەماهەنگیی هاوبەش، بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی عێراق و ئێران.