قالیباف لە بەغداوە: ئێران لە ناوچەکە بە بەهێزی دەمێنێتەوە

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گەیشتە عێراق و کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە بەردەم مۆنۆمێنتی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە بەغدا، ساز کرد.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق چەند لێدوانێکی توند و گرنگی دا و رایگەیاند "لێرەوە لە شوێنی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس سەردانەکەم دەست پێدەکەم، ئەم خاڵە هێمایەکی گرنگە لە مێژووی هاوبەشی نێوان هەردوولا."

قالیباف ئاماژەی بەوە دا، ئەو دوو پیاوە ئازایەی ئێران و عێراق، ناوچەکەیان لە شەڕی داعش رزگار کرد، پرسیاریشی کرد "ئایا کوشتنی ئەو دووپیاوە پێشی بە بەرەی مقاوەمە گرت؟" جەختی کردەوە ئێران لە ناوچەکەدا بە بەهێزی دەمێنێتەوە و دوژمنەکان ناتوانن ئامانجەکانیان بەدیبهێنن.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئەوەشی خستە ڕوو، لەگەڵ عێراقدا سیستەمی هاوکاریی وڵاتان بەهێز دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقیش کۆدەبێتەوە، هاوکات داوای کرد کە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا زیاتر بکرێت.

لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، قالیباف باسی لەوە کرد، پێویستە سەیری دۆخی ناوچەکە بکرێت تاوەکو بزانرێت کێ سەرکەوتن بەدەست دێنێت، گوتیشی "هەمووان لە شەڕی 40 رۆژەی مانگی رەمەزاندا هێزی ئێرانیان بینی و تێگەیشتن، کە ئێران یەکێکە لە هۆکارەکانی هێزی ئەم ناوچەیە."

هەروەها رایگەیاند "وڵاتانی ئیسلامیی ناوچەکە پێویستیان بە فراوانکردن و پەرەپێدانی بوارەکانی هاوکاری و دامەزراندنی پەیوەندییەکی قوول و بەردەوام هەیە"، جەختیشی کردەوە، ئێران هەوڵەکانی لەم پێناوەدا دەخاتە گەڕ، ئاماژەی بەوەش دا، لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتدا کۆدەبێتەوە.