سێ ترلیۆن دیناری دامەزراوەی شەهیدانی عێراق بەهەدەر دراوە
سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق ئاشکرای کرد، بەهۆی دەیان هەزار دۆسیەی ساختەوە زیاتر لە سێ ترلیۆن دینار بەهەدەر دراوە و چەندین تیرۆریست و ئەندامی حزبی بەعسیش ناویان لە تۆماری شەهیداندا هەیە.
عەبدولئیلا نائلی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق رایگەیاند، 22 هەزار دۆسیەی ساختە لە دامەزراوەکەدا تۆمار کراون. بەم هۆیەوە سێ ترلیۆن و 300 ملیار دینار بەهەدەر دراوە، هەروەها 27 هەزار و 400 دۆسیەش راگیراون.
سەرۆکی دامەزراوەکە جەخت دەکاتەوە، سیاسییەکان پەیامیان بۆ ناردووە بۆ ئەوەی لە ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی پاشگەز ببێتەوە، بەڵام گرنگی بە پەیامەکان نەداوە و دەڵێت، وردبینی لە دۆسیەکان دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا 40% وردبینییەکان تەواو بوون.
بە گوتەی عەبدولئیلا نائلی، لێژنەی لێکۆڵینەوە لە ئەنبار ئاماژەی بە دەرکردنی بڕوانامەی مردن بۆ نزیکەی 20 هەزار کەس کردووە بێ ئەوەی یەک تەرم بوونی هەبێت، هاوکات 14 هەزار و 200 کەسی دیکەش بڕوانامەی مردنیان بۆ دەرچووە بێ ئەوەی یەک تەرمیشیان هەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا 2305 تیرۆریست ناویان لە تۆماری دەستەی شەهیدان دایە، هەروەها 471 کەسی سەربە حزبی بەعس لە هەمان دەستەدا تۆمار کراون.