چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی تایبەت بە چەکدانانی گرووپەکان پێکدەهێنێت

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشێوەی تاکەکەسی هەوڵی رێککەوتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دەدەن بۆ دانانی چەکەکانیان، هاوکات هۆشداری دەدرێت لە روودانی شەڕی ناوخۆیی ئەگەر تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول نەگەنە رێککەوتن.

بڕیارە چوارچێوەی هەماهەنگی لێژنەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بە مەبەستی دانانی چەکەکانیان پێکبهێنێت. 

ئەبو میساق مەساری، ئەندامی رێکخراوی بەدر، بە کوردستان24ی راگەیاند، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشێوەی تاکەکەسی خەریکی دروستکردنی لێکتێگەیشتنن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لێژنەیەکی دیاریکراو پێک نەهێنراوە.

گرووپە چەکدارەکان چەند مەرجێکیان بۆ چەکدانان هەیە، لەوانە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق، لەگەڵ رزگاربوونی ئابووری و بڕیاری سیاسی لەژێر هەژموونی ئەمریکادا.

عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەگەر تاوەکو 30ی ئەیلوول گرووپە چەکدارەکان چەک دانەنێن، رووبەڕووبوونەوە لە نێوان حکوومەت و گرووپە چەکدارەکان روودەدات، ئەمەش وڵات دەخاتە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە.

حکوومەتیش لە هەوڵدایە لەرێگەی گفتوگۆوە چارەسەری ئەم پرسە بکات، ئەگەرنا وڵاتەکە دەکەوێتە ناو قەیرانێکی نادیارەوە. 

لەلایەکی دیکەوە ئەبو تراب تەمیمی، پەرلەمانتاری عێراق، بۆ کوردستان24 روونیکردەوە، تاکە کەسایەتی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە پەسەندکراو بێت هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدرە، چونکە گرووپە چەکدارەکان رێزی دەگرن و توانای رازیکردنیانی هەیە.

حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، رۆژی 30ی ئەیلوولی 2026ی وەک دوامۆڵەت بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان و خستنەگەڕی چەکەکانیان بۆ ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت دیاری کردووە. 

ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی و دابەشبوون لە نێو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەشێکیان پشتگیری لە هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران دەکەن، بەڵام بەشێکی دیکەیان ترسیان لە روودانی پێکدادانی چەکداری هەیە.