هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز کەم و لە بابولمەندەبیش زیادی کردووە

هەردوو گەرووی هورمز و  بابولمەندەب لەسەر نەخشە
هەردوو گەرووی هورمز و بابولمەندەب لەسەر نەخشە

ئاستی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز کەمی کردووە و لە بەرانبەردا تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب زیادی کردووە. 

داتاکان دەریانخستووە هاتوچۆ لە گەرووی هورمز بەهۆی خۆبەدوورگرتنی کۆمپانیاکان لە بەکارهێنانی ئەو رێڕەوە ئاوییە کەمبووەتەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای کپلێر، دوێنێ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، تەنیا شەش کەشتیی بارهەڵگر بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، لە کاتێکدا سێشەممەی هەفتەی رابردوو نۆ کەشتی تێپەڕیبوون، ئەمەش لە تێکڕای رۆژانەی 11 کەشتی لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا کەمترە.

هەر بەپێی داتاکان، کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەتاڵ لەلای عومانەوە هاتووە و لەگەڵ چوار نەوتهەڵگری دیکەی قەبارە مامناوەند و کەشتییەکی جۆری پۆست پەنەماکس بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون.

سەبارەت بە گەرووی بابولمەندەب لە دەریای سوور، دوای ئەوەی حووسییەکانی یەمەن لە 20ی تەممووزدا گەمارۆی دەریاییان بۆ سەر سعوودییە لەوێ راگەیاند، داتاکانی کپلێر ئاماژە بەوە دەکەن لەم هەفتەیەدا 30 کەشتیی بارهەڵگر تێپەڕیون.

 ئەمە بەراورد بە 19 تێپەڕبوون لە هەفتەی پێشوودا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەو ناوچەیە هیچ ئاماژەیەک بە هەناردەکردنی نەوتی سعوودییە نەبینراوە.

ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز، بەهۆی جەنگ و مەترسییە ئەمنییەکانەوە ئاستی تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان تێیدا گەیشتووەتە نزمترین ئاست و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی گواستنەوەی دەریایی رێڕەوی خۆیان گۆڕیوە. 

هەردوو گەرووی هورمز و بابولمەندەب بە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە هەژمار دەکرێن، تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ئەم ناوچانەش کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕی وزە و ئاسایشی ئابووریی جیهان دروستکردووە، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی کەنداو زۆربەی هەناردەی نەوتەکەیان بەو رێڕەوانەدا تێدەپەڕێت.