مێتا بە تۆمەتی ئاڵوودەکردنی منداڵانەوە رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە
لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، دادگاییکردنی کۆمپانیای "مێتا" دەستیپێکرد؛ کۆمپانیاکە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بە ئەنقەست سۆشیاڵ میدیاکانی بە جۆرێک دیزاین کردووە کە منداڵان ئاڵوودە بکات و زیانیان پێ بگەیەنێت، ئەمەش وایکردووە میتا رووبەڕووی سزای دارایی خەیاڵی ببێتەوە.
لە شاری ئۆکلاند لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی کۆمپانیای "مێتا" (خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام و واتسئاپ) دەستیپێکرد. ئەم دۆسیەیە کە لەلایەن 29 ویلایەتی ئەمریکاوە بە سەرۆکایەتی کالیفۆرنیا بەڕێوەدەچێت، رەنگە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر شێوازی مامەڵەی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا لەگەڵ بەکارهێنەرانی خوار تەمەنی یاسایی دروست بکات.
ویلایەتە داواکارەکان مێتا تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە مەترسییەکانی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیای بۆ سەر منداڵان لە دایک و باوکان و رای گشتی شاردووەتەوە. پارێزەرانی ئەو ویلایەتانە هەوڵدەدەن دادگا سزای دارایی قورس بەسەر کۆمپانیاکەدا بسەپێنێت و ناچاری بکات گۆڕانکاریی ریشەیی لە مۆدێلی کارکردنیدا بکات.
لە بەرامبەردا، کۆمپانیای مێتا سەرجەم ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە. مێتا لە روونکردنەوەیەکدا بۆ دادگا رایگەیاندووە، ئەو سزایانەی ویلایەتەکان داوای دەکەن "زۆر زیادەڕۆییان تێدا کراوە" و رەنگە بگەنە 1.4 تریلیۆن دۆلار، کە ئەوەش بڕە پارەیەکە هەڕەشە لە مانەوەی کۆمپانیاکە دەکات. بەڵام پارێزەرانی ویلایەتەکان دەڵێن بڕی سزاکە دەگاتە نزیکەی 200 ملیار دۆلار.
ئەم دادگاییکردنە دوای زنجیرەیەک کێشەی یاسایی دێت کە مێتا لە ئەمریکا رووبەڕووی بووەتەوە سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام لەسەر منداڵان. پێشتریش لە سەرەتای مانگی ئابی 2024دا، دادگایەکی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ سزای زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلاری بەسەر مێتادا سەپاند، وەک هاوکارییەک بۆ ئەو منداڵانەی بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام مێتا رایگەیاندووە کە تانە لەو بڕیارە دەگرێت.