هۆکاری داخستنی دەیان نۆرینگە و دەرمانخانە لە گەرمیان ئاشكرابوو

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی بۆ رێکخستنەوەی نۆرینگە و دەرمانخانەکان دەستپێکردووە و لە سنووری گەرمیانیش بڕیاری داخستنی بەشێکیان دراوە، ئەمەش ناڕەزایەتیی خاوەنەکانیانی لێکەوتووەتەوە.

چەند رۆژێکە خاوەن نۆرینگە و دەرمانخانەکانی سنووری گەرمیان دژی بڕیاری داخستنی شوێنەکانیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوا دەکەن بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە. 

لەمبارەوە ئازاد حەمەفەرەج، گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لێژنەیەک بە بەشداریی نوێنەری دامەزراوەکان و داواکاریی گشتیی کار بۆ رێکخستنەوەی نۆرینگە و دەرمانخانەکان دەکات. دوای بەدواداچوونەکانیان بۆیان دەرکەوتووە بەشێک لە نۆرینگەکان تەنیا مۆڵەتی سەندیکای تەندروستییان هەیە، بۆیە بڕیاری داخستنیان دراوە.

گوتەبێژەکەی تەندروستی گوتیشی، داواکراوە مۆڵەتی کارکردن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە بدرێت نەک سەندیکا. هاوکات ئاشکرای کرد، کێشەی سەرەکیی نۆرینگەکان نەبوونی پزیشکی دەرمانسازە و جگە لە چەند شوێنێک، سەرجەمیان لەلایەن کارمەندی تەندروستییەوە بەڕێوەدەبرێن.

لە بەرانبەردا کارمەندانی تەندروستی دەڵێن، لە دەوامی حکوومیدا کاری دەرمانسازییان پێدەکرێت، بۆیە پرسیار دەکەن بۆچی نابێت لە دەرمانخانەکان هەمان کار بکەن. 

گوتەبێژەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی رێگە بە نۆرینگە و دەرمانخانەکانی گەرمیان دراوە تەنیا 18 جۆر دەرمان بفرۆشن، خاوەنی شوێنەکانیش دەڵێن ئەو ژمارەیە زۆر کەمە.

ئازاد حەمەفەرەج گوتیشی، لەگەڵ سەندیکا و وەزارەتی تەندروستی لە پەیوەندیدان و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە و دۆزینەوەی رێکارێکی گونجاو دەدەن. 

بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە نێوان 500 بۆ 600 نۆرینگە و دەرمانخانە هەن، بەشێکیان مۆڵەتیان نییە و بڕیاری داخستنیان دراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ رێکخستنەوەی کەرتی تەندروستی دەکات، هەروەها هەر دەرمانخانە و نۆرینگەیەک مۆڵەتی نەبێت و پابەندی رێنماییەکان نەبێت، دادەخرێت.