نەخۆشخانەی رزگاری سیستەمی نۆرەی ئەلیکترۆنی کارا کرد
بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە هەولێر بەشە راوێژکارییەکانی بە سیستەمی نۆرەی ئەلیکترۆنی کردەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە شاری هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، بەشە راوێژکارییە نوێیەکانی نەخۆشخانەکە بە سیستەمی پێشکەوتووی نۆرەی ئەلیکترۆنی بەڕووی نەخۆش و سەردانیکەراندا دەکرێنەوە.
ئەم پێشوەچوونە نوێیە بە مەبەستی رێکخستنی نۆرەی نەخۆشەکان، کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی نێو هۆڵەکان و خێراکردنی پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان کراوە.
بەپێی رێکارە نوێیەکان، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە بەپێی جۆری بەش و راوێژکارییە پزیشکییەکان پسوولەی نۆرەی خۆیان بەشێوەیەکی دیجیتاڵی وەربگرن و چاوەڕێی بانگکردنی ژمارەکانیان بکەن لەسەر شاشەکان.
بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکە لە راگەیەنراوێکدا جەختی کردووەتەوە، کاراکردنی ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە نوێیە تەنیا دەستپێکێکە بۆ چەندین هەنگاوی دیکەی گەشەپێدان. لە داهاتووشدا کارئاسانیی زیاتر بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان پێشکەش دەکەن.
نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە شاری هەولێر یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین نەخۆشخانە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژانە پێشوازی لە سەدان نەخۆش دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە بەشە جیاوازەکاندا.