سوپاسالاری ئێران: هەر وڵاتێک هاوکاریی سوپای ئەمریکا بکات وەکو ئەوان هەژمار دەکرێت

سوپاسالاری ئێران، هۆشداری دا لەوەی هەر هاوکارییەکی لۆجستی یان ئاسانکارییەک بۆ سوپای ئەمریکا، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، لیوا عەلی عەبدوڵڵاهی، لە پەیامێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی: ئەو وڵاتانەی کەنارەکانی باشووری کەنداو، کە لە رێگەی راگەیەندراوی جۆراوجۆرەوە رایانگەیاندووە رێگە نادەن ئەمریکا خاکەکەیان دژی ئێران بەکاربهێنێت، دەبێت بزانن کە هیچ شتێک لە چاو و چاودێریی ئێمە شاراوە نییە."

سوپاسالاری ئێران راشیگەیاند، بەدوور دەزانرێت ژمارەیەکی ئەوها زۆری فڕۆکە سەربازییەکان، بەتایبەت فڕۆکەکانی دابینکردنی سووتەمەنی، بەبێ ئاگاداریی وڵاتانی میواندار لە بنکە ناوچەییەکاندا هەبن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی "هۆشداری دەدەین؛ هەر جۆرە هاوکاری یان ئاسانکارییەک بۆ سوپای ئەمریکا، بە بەشداریکردن لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا هەژمار دەکرێت."

لە کاتێکدا دۆخی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە گۆڕانکاریی بەخۆیەوە بینیوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ سێشەممە 18ـی ئابی 2026، تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی هەستیاری پەیوەست بە هاوکێشەکانی جەنگ، دانوستانەکان و نەخشەی نوێی ئاسایشی ناوچەکە:

عەباس عێراقچی پێیوایە خۆڕاگریی بۆ ماوەی 40 رۆژ لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا، سەرەڕای کەموکوریی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و وێرانبوونی ژێرخانەکان، ئەو تێڕوانینە جیهانییەی گۆڕی کە پێیوابوو ئێران لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەڕووخێت.

گوتیشی: لە دوای بێئومێدبوونی ئەمریکا لە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێران، پڕۆسەی دانوستان بە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر دەستی پێکرد، ئەمەش دوای سێ مانگ دانوستانی سەخت، دەقی سەرەتایی 15 خاڵی واشنتنی گۆڕی بۆ یاداشتنامەیەکی 14 خاڵی کە لە بەرژەوەندیی تاراندا داڕێژرا.

باسی لەوەشکرد، ئەزموونی جەنگ سەلماندی کە بوونی بنکە سەربازییە بیانییەکان لە کەنداو نەک هەر ئاسایش دابین ناکات، بەڵکو دەبێتە هەڕەشە، لە بەرامبەردا، ئێران جەخت لەسەر ئاسایشی دەستەجەمعی و پەرەپێدانی "دیپلۆماسییەتی پارێزگاکان" دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە.