شاخەوان عەبدوڵڵا: ئابووری عێراق لە دۆخێکی سەختدایە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە یاوەری شاندێکی فراکسیۆنەکە، سەردانی موسڵیان کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "عێراق بە دۆخێکی ئابووریی سەختدا تێدەپەڕێت".

شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی شاندی فراکسیۆنی پارتی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای نەینەوا رایگەیاند: "ئەمڕۆ سڵاو و رێزی سەرۆک بارزانیمان گەیاندە پارێزگای موسڵ و پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان بۆ پارێزگاکە دوپات کردەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەبوونیان لەو شارە وەک پاڵپشتییەکی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ پارێزگاکە، کە شوێنێکی زۆر تایبەتی لای پارتی هەیە.

شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لە مێژووی شارەکە کرد و گوتی: "موسڵ بە چەندین قەیراندا تێپەڕیوە کە دیارترینیان داعش بوو، بەڵام بەهۆی ئەو ئیدارەیەی لە پارێزگاکەدا هەبوو، توانرا قەیرانەکان تێپەڕێندرێن و شارەکە بونیاد بنرێتەوە، چونکە ئەو کۆمەڵکوژییانەی رابردوو نەک تەنیا خەڵک، بەڵکو ژێرخان و مێژووی موسڵیشیان وێران کردبوو."

سەبارەت بە دۆخی ئابووری و سیاسی، شاخەوان عەبدوڵڵا روونی کردەوە کە پێشکەوتنی موسڵ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت. گوتیشی، ئەو قەیرانەی ئێستا لە عێراقدا هەیە بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە کە کاریگەریی کردووەتە سەر هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش حکوومەتە خۆجێیەکان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لە باشترکردنی دۆخەکە.

لەلایەکی دیکەوە، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری موسڵ جەختی لە گرنگیی سەردانەکەی شاندی پارتی کردەوە و رایگەیاند، ئاسایشی نەینەوا زۆر پارێزراوە و بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی تەواوی پێکهاتەکان. گوتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتییەکی زۆر گەورەی بۆ نەینەوا هەیە و ئەم سەردانەش پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ پارێزگاکەمان."

پارێزگاری موسڵ ئاماژەی بەوەش کرد، لەم بارودۆخە سەختەی عێراقدا پێویستە حکوومەتە خۆجێیەکان پاڵپشتی حکوومەتی ناوەندی بکەن بۆ دابینکردنی داهاتی گونجاو. هەروەها جەختی لە هەماهەنگیی ئابووری و ئەمنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "زۆرێک لە خەڵکی نەینەوا کار و ماڵیان لە هەرێمی کوردستانە و هاووڵاتییانی کوردیش گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان لە موسڵ، ئێمە شانازی بەو پەیوەندییە بەهێزەوە دەکەین."