چوار لیژنەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ پارتی پێشنیاز کراون
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە و لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا سەرجەم لیژنەکانی ئەنجوومەنەکە دادەڕێژرێنەوە، بەپێی رێککەوتنەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتیی دوو لیژنە لەو ئەنجوومەنە وەردەگرێت.
لەوبارەیەوە هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی لە پێناو بەدەستهێنانی پلە و پۆست نەگەڕاوەتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا، بەڵکو مەبەستی سەرەکییان هەبوونی رۆڵێکی کاریگەرە لە نێو ئەنجوومەنەکەدا.
هیوا ئەحمەد مستەفا گوتیشی: پارتی بە بەرپرسیارەتییەوە هەڵوێستی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی کەرکووک دەبێت، بەتایبەت لە بابەتەکانی بەرگری لە خەڵکی رەسەنی ناوچەکە، کێشەی جووتیارانی کورد و پرسەکانی پەیوەست بە زەویوزار و ماف و شایستەکانی خەڵک.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەندا جگە لە بڕگەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکە، پێداچوونەوە بە 14 لیژنەکەی ئەنجوومەن دەکرێت و بە شێوازێکی نوێ دادەڕێژرێنەوە.
مەجید روونیکردەوە، بەپێی ئەو رێککەوتنانەی پێشتر لەسەری کۆک بوون، دوو لیژنە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دیاری دەکرێت و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەنگی کۆتایی لەسەر دەدرێت.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو لیژنانەی پێشنیار کراون پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتییان بکات، بریتین لە لیژنەکانی دارایی، ماددەی 140، وەرزش و لاوان، هەروەها لیژنەی مافی مرۆڤ، کە بەپێی رێککەوتنەکە ئەم چوار لیژنەیە کراونەتە دوو لیژنە.