سەرۆک بارزانی جەخت لە تەبایی و برایەتیی دەکاتەوە
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 80 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، سکرتاریەتی سەرۆک بارزانی پەیامێکی سوپاس و پێزانینی بڵاوکردەوە و وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان، زۆر سوپاسی سەرجەم ئەو کەسایەتی، لایەنە سیاسییەکان، دۆستانی بیانی، دیپلۆماتکاران، پێکهاتەکان، رێکخراوەکان و میدیاکارانی کرد کە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەیان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، پیرۆزباییان ئاراستە کردوون.
دەقی سوپاسنامەکەی سكرتاریەتی سەرۆک بارزانی
بەبۆنەی تێپەڕبوونی هەشتا ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، وێڕای پیرۆزباییمان لە خەڵكی كوردستان، زۆر سوپاسی هەموو ئەو كەسایەتی و لایەنە سیاسیانەی هەرێمی كوردستان، عێراق، پارچەكانی تری كوردستان و، هەروەها کەسایەتیی ئایینی، دۆستانی بیانی و دیپلۆماتكاران، پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و كەسایەتییە كۆمەڵایەتی و سەرۆكهۆزەكانی عێراق و كوردستان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و ئاكادیمیسیەن، ڕۆشنبیر و نووسەران، ڕاگەیاندن و میدیاكاران و تەواوی ئەو خۆشەویستانە دەكەین، چ لەناوخۆی كوردستان و چ لە دەرەوەی كوردستان و عێراق و وڵاتانی تر، كە لە ڕێی ناردنی پەیام و پێوەندیی تەلەفۆنی و ڕاگەیێندراو و وتار و نووسیندا، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆکەوە، پیرۆزباییان ئاراستەی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی كردووە.
جەنابی سەرۆك پێزانینی بۆ ڕووحیەتی برایەتی و دۆستایەتی و هاوسۆزییان هەیە، هیواخوازە ئەو بۆنەیە دەرفەتێكی نوێ بێت بۆ بەهێزكردنی گیانی تەبایی و برایەتی و، هەوڵدانی هەموو لایەك بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و بەها باڵاكانی گەلی كوردستان.
هیوای خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان و هەموو عێراق و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە و جیهان دەخوازین.
پارتی دیموكراتی كوردستان
سكرتاریەتی سەرۆک