سێ پڕۆژەی گەشتیاری لە ئیدارەی راپەڕین جێبەجێ دەکرێن
سێ پڕۆژەی ستراتیژی گەشتیاری لە ئیدارەی راپەڕین جێبەجێ دەکرێن و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سنوورەکە رایگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو ئەنجامی هەڵسەنگاندنی پڕۆپۆزەڵی وەبەرهێنەران رادەگەیەنرێت.
دیاری دڵشاد، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی راپەڕین بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بڕیاری دروستکردنی سێ پڕۆژەی گەشتیاری لە سنوورەکە دراوە.
دڵشاد وردەکاری پڕۆژەکانی خستەروو و گوتی "پڕۆژەکان بریتین لە دروستکردنی هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری، کە چەند هۆتێل و مۆتێلێک و چێشتخانە و یاریگەی منداڵانی لەخۆ گرتووە".
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی راپەڕین، تا ئێستا 10 وەبەرهێنەر پڕۆپۆزەڵییان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە پێشکەش کردووە، ئێستا لێژنەیەکی تایبەت سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی پڕۆپۆزەڵەکانە و هەفتەی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی و ناوی ئەو وەبەرهێنەرانەی پڕۆژەیان بۆ دەردەچێت، بەشێوەی دیجیتاڵی رادەگەیەنرێت.
سەبارەت بە ئاماری گەشتیاری لەو سنوورە، دڵشاد ئاشکرای کرد، لە ئیدارەی راپەڕین 120 شوێن و ناوچەی گەشتیاری هەن. لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 150 هەزار گەشتیار سەردانی رانیە و دەوروبەریان کردووە.
دڵشاد جەختی لەوە کردەوە، هەرچەندە ژمارەی گەشتیاران بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاد بووە، بەڵام هێشتا لە ئاستی ئامانجەکانیان نییە، ئامانجی سەرەکییان زیادکردنی رێژەی گەشتیارانی بیانی و ئەو گەشتیارانەیە کە لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە روو لەو ناوچەیە دەکەن.
ئیدارەی راپەڕین خاوەن چەندین ناوچەی گەشتیاریی سروشتییە، لەوانە دەربەندی رانیە، گەلی بێتواتە، سەیرانگەی بۆسکین، سەیرانگەی بنێ و کێوەڕەش، لەگەڵ چەندین ناوچەی دیکەی گەشتیاری.