بەرپرسی هەواڵگریی حەشدی شەعبی ئازاد کرا

عەباس یەعقووبی، بەرپرسی هەواڵگریی حەشدی شەعبی
عەباس یەعقووبی، بەرپرسی هەواڵگریی حەشدی شەعبی

دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا سەرجەم تۆمەتەکانی سەر بەرپرسی هەواڵگریی حەشدی شەعبی و بزووتنەوەی نوجەبای رەتکردەوە و ئازادی کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا بڕیاری بێتاوانی بۆ عەباس یەعقووبی، بەرپرسی هەواڵگریی حەشدی شەعبی دەرکرد و دەستبەجێ ئازاد کرا.

 رۆژی دووشەممەی رابردوو، 17ـی ئاب، هێزێکی دژەتیرۆری عێراق ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبییان لە پارێزگای زیقار دەستگیر کرد و بۆ بەغدا گواستیانەوە.

سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبی بە کوردستان 24ی راگەیاند، دوای دەستگیرکردنی یەعقوبی، قەیس خەزعەلی و ئەبووئالا وەلائی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکە هاتبوونە سەر هێڵ، پەیامی گرووپە چەکدارەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە بزووتنەوەی نوجەبایان بە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیاندبوو و گوتوویانە، ئەگەر عەباس یەعقووبی ئازاد نەکرێت، کێشەکان گەورەتر دەبن، بۆیە دادگا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردووە. 

بە گوتەی هەمان سەرچاوە، دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی خەریک بوو دۆخەکە بگەیەنێتە رادەیەک گرووپە چەکدارەکان هێرش بکەنە سەر ناوچەی سەوز. هاوکات هەڕەشەیان لە سەرۆکوەزیران کردووە دەبێت دەست لەو شێوازەی مامەڵەکردن هەڵبگرێت و چیتر هەڵنەکوتێتە سەر ماڵی ئەندامانی حەشدی شەعبی.