سبەی قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی لە هەولێر دەستپێدەکات
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاشکرای کرد، قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکات و هەوڵدەدەن ئەمساڵ سەرجەم فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن.
ئــــەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە، 19ـی ئابی 2026، قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارەوانیی هەولێر دەستپێدەکات و هەر سبەیش ژمارەی زەوییەکان رادەگەیەنن.
باسی لەوەش کرد، هەر قۆناخێک بەپێی رێژەی سوودمەندبوونی وەزارەتەکان دەبێت و هەموو وەزارەتەکانیش سوودمەند دەبن.
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، تاوەکو ئێستا ناوی نزیکەی 82 هەزار فەرمانبەر گەڕاوەتەوە. لە حەوت قۆناخی رابردووشدا زیاتر لە 50%ی فەرمانبەران سوودمەند بوون و کارەکانیش تاوەکو سوودمەندبوونی سەرجەم فەرمانبەران بەردەوام دەبێت.
کارزان هادی روونیشی کردەوە، تاوەکو ئێستا لە حەوت قۆناخدا نزیکەی 42 هەزار پارچە زەوی لە هەولێر دابەشکراون. ئێستاش کار لەسەر ئەوە دەکەن ئەمساڵ هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ناویان گەڕاوەتەوە زەوییان پێبدرێت و کارەکان کۆتاییان بێت.
ئەوەشی خستەروو، توانیویانە زۆرترین پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکەن، هەرچەندە کارەکە سەختە و رووپێوکاری زۆر گرانە، بۆیە لەرێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کارەکە ئەنجام دەدەن.