حکوومەتی یەمەن هۆشداری دەدات: حوسییەکان پلانیان هەیە گەرووی باب ئەلمەندەب کۆنترۆڵ بکەن

وەزیرێکی یەمەنی هۆشداری دەدات لەوەی حوسسیەکانی یەمەن لە هەوڵی ئەوەدان کەناراوەکانی گەرووی باب ئەلمەندەب کۆنترۆڵ بکەن؛ ئەم هەنگاوەش مەترسییەکی گەورە لەسەر رێڕەوی بازرگانیی جیهان دروست دەکات و دەبێتە هۆی پەکخستنی هەناردەی نەوت و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی.

موعەمەر ئەلعەریانی، وەزیری راگەیاندنی یەمەن، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "ئەی ئێف پی" راگەیاند، حووسییەکانی یەمەن سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەناراوەکانی گەرووی باب ئەلمەندەب. گوتیشی: "حوسییەکان دەیانەوێت لە رێگەی فراوانکردنی هەژموونیان لە کەناراوەکانی رۆژئاوا و کۆنترۆڵکردنی دوورگە ستراتیژییەکانی دەریای سوور، هەلومەرجەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی باب ئەلمەندەب بگونجێنن."

وەزیری راگەیاندن ئاماژەی بەوەش کرد، جموجۆڵە سەربازییەکانی حوسییەکان و بە ئامانجگرتنی بەردەوامی بەندەرەکان، ژێرخانە مەدەنییەکان و کەشتییە جەنگییەکانی حکوومەت، گوزارشت لەو پلانە مەترسیدارە دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، سێ سەرچاوەی سەربازیی حوسییەکان و گوتەبێژی هێزەکانی حکوومەت پشتڕاستیان کردەوە کە حوسییەکان نزیکەی 2,000 چەکداریان لەگەڵ سەکۆی مووشەکی لە ناوچەکانی تەعیز و حودەیدە جێگیر کردووە. ئەم هێرشە ئەگەر سەرکەوتوو بێت، دەبێتە هۆی ئەوەی حوسییەکان کۆنترۆڵی یەکێک لە جەنجاڵترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان بکەن، کە لە ساڵی 2023ـەوە و دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، بەردەوام هێرشی دەکەنە سەر.

شارەزایان پێیان وایە، کۆنترۆڵکردنی باب ئەلمەندەب لەلایەن حوسییەکانەوە، وادەکات هەژموونی تاران و هاوپەیمانەکانی بەسەر دووەم گرنگترین رێڕەوی ئاویی ناوچەکەدا فراوانتر بێت، هاوشێوەی ئەوەی لە گەرووی هورمز دەگوزەرێت. هەروەها ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی پەکخستنی هەناردەی نەوتی سعوودیە، کە پێشتر حوسییەکان گەمارۆی دەریاییان لە دژی راگەیاندبوو.

جەنەراڵ سادق دووەید، گوتەبێژی هێزەکانی خۆڕاگریی نیشتمانیی سەر بە حکوومەت، راگەیاند، حوسییەکان هەوڵدەدەن پێگەیەک لە باب ئەلمەندەب بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. گوتیشی: "لە رێگەی هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر شاری مۆخا و بەندەرەکەی، حوسییەکان دەیانەوێت دۆخی باب ئەلمەندەب هاوشێوەی گەرووی هورمزی لێبکەن."