سەرۆکی هوداپار سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی دەکات
سەرۆکی گشتی هوداپار زەکەریا یاپچی ئۆغلۆ لە پەیامێکیدا بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە نیگەرانی و خەمێکی گەورەوە زانیم کە نووسینگەی تایبەتی بەڕێزتان لە هەولێر (شارۆچکەی پیرمام) هێرشی کراوەتە سەر و بە ئامانج گیراوە.
یاپجی ئۆغلۆ لە پەیامەکەیدا نیگەرانیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، بە نیگەرانی و خەمێکی گەورەوە زانیم کە نووسینگەی تایبەتیی بەڕێزتان لە پیرمام هێرشی کراوەتەسەر و بە ئامانج گیراوە.
سەرۆکی گشتیی هوداپار جەختیکردەوە کە ئەو جۆرە هێرشانەی دەکرێنەسەر ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچەکە قبووڵنەکراون. یاپجی ئۆغلۆ گوتی "بڕوای تەواومان بەوەیە کە پێویستە کێشەکانی ناوچەکە لە جیاتی شەڕ و توندوتیژی، بە رێگای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و شێوازە ئاشتیانەکان چارەسەربکرێن."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، یاپچی ئۆغلۆ روونیکردەوە کە نەبوونی زیانی گیانی لە ئەنجامی هێرشەکە مایەی دڵنەواییە. یاپجی ئۆغلۆ ئومێدی خواست بە خێرایی پشت پەردەی ئەو هێرشە روونبکرێتەوە و ئەنجامدەرانی ئاشکرابکرێن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی گشتیی هوداپار هیوای تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی بۆ مەسرور بارزانی و گەلی کوردستان خواست.
دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی دووشەممە، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
دژەتیرۆری کوردستان جەختیشی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکەن و رایانگەیاند "ئەم دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."