عەلی زەیدی پێشوازی لە قالیباف کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و شاندی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، هاوکاری و کاری بەکۆمەڵ، و ڕێگەکانی بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بواری جیاوازدا کە لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات و گەلانی دراوسێدا بێت، تاوتوێ کران.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لە قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران کردەوە کە لەسەر بنەمای پەیوەندی و بەها هاوبەشەکانی مێژوویی، جوگرافی و ئایینی دامەزراون. هەروەها ستایشی هەڵوێستە پشتگیرییکارەکانی ئێرانی کرد، بەتایبەتی ئەو هاوکارییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی شەڕی دژی چەکدارانی تێرۆریستی داعش پێشکەش بە عێراقی کردووە.
لە لایەن خۆیەوە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی بۆ عێراق دەربڕی و رێزی لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق گرت لە پێشوازی و خزمەتکردنی زیارەتکارانی ئێرانی لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حسێن.
هاوکات جەختی لەسەر ئارەزووی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاوکارییەکان، بەجۆرێک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی عێراق و ئێران دابین بکات.