قالیباف: ئەمریکا هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچەکەیە
"بێ ئامادەکاری بۆ بەرگری، دانوستان هیچ بەرهەمێکی نابێت"
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی کۆبووەوە و رایگەیاند: دەستوەردانەکانی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی نائارامی و پەکخستنی رەوتی بازرگانیی ئاسایین لە ناوچەکەدا.
چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بە کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند: "بەرپرسی سەرەکیی سەرجەم کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە ئەمریکا و دەستوەردانەکانێتی".
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: "گەلی ئێران بە خۆڕاگری، دڵسۆزی، هێزە سەربازییەکان و لێهاتوویی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هەژموونی ئەمریکای تێکشکاند و پاشگەزی کردنەوە؛ بە جۆرێک کە ئەمڕۆ ئەمریکا لە دۆخی بێدەرەتانیدا دەژیت؛ چونکە چوونە دەرەوەی لە جەنگ دەبێتە مایەی بێ متمانەیی و، بەردەوامبوونیشی دەیان کێشەی دیکەی بۆ دروست دەکات."
قالیباف جەختی کردەوە، بەرگریکردن تەنیا رێگەی سەرکەوتنە و ئەگەر ئامادەی جەنگ نەبین، دانوستانەکانیش هیچ بەرهەمێکیان نابێت."
لە لایەکی دیکەوە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: "گەل، حکوومەت و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق دژی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلن بۆ سەر ئێران و، عێراق پێی وایە ئیسرائیل گرێیەکی شێرپەنجەییە و دەبێت لەناو بچێت."
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد و جەختی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە تایبەت لە بواری ئابووریدا کردەوە.
هەروەها داوای ئاسانکاریی کرد بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی گەرووی هورمزەوە. لە بەرامبەردا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئەمریکا و ئەو جەنگانەی کە لە لایەن واشنتنەوە هەڵگیرساون، بە هۆکاری سەرەکیی نائارامی و پەکخستنی بازرگانیی ئاسایی لە ناوچەکەدا زانی و رایگەیاند کە بە نەهێشتنی دەستوەردانەکانی ئەمریکا، کێشەکان چارە دەبن.