بەغدا و ریاز هاوکارییەکانیان لە بوارەکانی دادوەری و یاساییدا بەهێزتر دەکەن
بەغدا و ریاز هەنگاوی نوێ دەنێن بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی هاوکاریی یاسایی و دادوەری
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری دادی سعوودیە، چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوکارییە یاسایی و دادوەرییەکانی نێوان بەغدا و ریازی تاوتوێ کرد.
چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لەگەڵ وەلید بن محەمەد سەمعانی، وەزیری دادی سعوودیە و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەو وڵاتەدا، کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا بۆ تاوتوێکردنی پەرەپێدانی هاوکارییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی دادوەری و یاساییدا.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە بەهێزکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان لە بوارەکانی دادوەری و یاسایی نێوان هەردوو وڵات کردووە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لەسەر بانگهێشتێکی فەرمی وەزیری دادی سعوودیەوە، گەیشتە ریازی پایتەخت.