هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی 36 کۆچبەری عێراقی لە لیبیاوە دەستیان پێکرد

سەحاف: هەماهەنگی دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی بە نایاسایی چوونەتە لیبیا

باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند: بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی لیبیا توانیویانە چارەنووسی 36 کۆچبەری عێراقی کە بە شێوەیەکی نایاسایی چووبوونە ناو ئەو وڵاتە ئاشکرا بکەن و کار بۆ گەڕاندنەوەیان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەکەن.

چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ئاماژەی بەوە کرد، "باڵیۆزخانەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی لیبیا توانیویەتی چارەنووسی 36 کۆچبەری عێراقی ئاشکرا بکات کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو خاکی لیبیاوە".

روونیشی کردەوە، "هەوڵەکانی باڵیۆزخانە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەرەکان بۆ عێراق بەردەوامە".

هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، "باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا پێشتریش سەرکەوتوو بووە لە گەڕاندنەوەی 352 کۆچبەر"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "هەنگاوەکانی هاوکاریی مرۆیی بۆ کۆچبەران لە لایەن باڵیۆزخانەکەوە بە شێوەیەکی بەردەوام ئەنجام دەدرێن، کە دابینکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکی، چارەسەرییەکان و ئاسانکاری بۆ پەیوەندیکردنیان لەگەڵ خێزانەکانیان دەگرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییان."

سەحاف راشیگەیاند: کە ڕێکارەکانی سەلماندنی ناسنامە و هاووڵاتیبوونی کۆچبەرەکان تەواو کراون و وەزارەتی دەرەوەی عێراق گرنگییەکی زۆر بە دۆسیەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە دەدات بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی وڵاتەکە لە مەترسییەکانی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.