دەم پارتی چوار هاوسەرۆکی شارەوانی لە ئامەد بۆ ماوەی مانگێک لە کارەکانیان رادەگرێت

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە چوارچێوەی پێداچوونەوە و چاودێریکردنی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکانی، بڕیاری دا چوار هاوسەرۆکی شارەوانی لە سێ ناوچەی پارێزگای دیاربەکر بۆ ماوەی مانگێک لە ئەرکەکانیان رابگرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای پێداچوونەوەکانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکانی دەم پارتی و گەیشتنی سکاڵای هاووڵاتییان، لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆکی شارەوانیی یەنیشەهیر (سافیە ئاکداغ و مەحمەد ئەرگون)، هاوسەرۆکی شارەوانیی پیران/دیجلە (حاجی ئاکئەنگین) و هاوسەرۆکی شارەوانیی هێنێ (حەمدوڵڵا دەمیر) دەستپێکراوە. لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەشدا بڕیاری هەڵپەساردنی کارەکانیان بۆ ماوەی مانگێک دراوە.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا دەم پارتی بە فەرمی راگەیەندراوی لەبارەی ئەو بڕیارەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام زانراوە بڕیارەکە لە لایەن لێژنەی دیسپلینەوە نەدراوە، بەڵکو پەیوەندی بە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ناوخۆیی پارتییەوە هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی بارەگای سەرەکیی دەم پارتی ئاشکرایان کردووە؛ هیچ بڕیارێک بۆ پاشەکشەپێکردن یان دوورخستنەوەی تەواوەتی ئەو هاوسەرۆکانە لە ئارادا نییە، بەڵکو ئەوە پرۆسەیەکی ناوخۆیی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکانە و لەو چوارچێوەیەدا بڕیارەکە دراوە.

پێشتریش دەم پارتی بەهۆی پابەندنەبوون بە پەیڕەوی ناوخۆ و دیسپلینی پارتی، چاودێرییەکانی لەسەر بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان زیاد کردبوو و چەندین هاوسەرۆکی شارەوانیی لە ناوچە جیاوازەکاندا لە ریزەکانی بێبەش کردبوو.