یەکێتیی ئەوروپا: پشتگیری لە هەنگاوە چاکسازییەکانی حکوومەتی عێراق دەکەین

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بەردەوامیی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دووپات دەکاتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، دەستووری وڵاتەکە رێگە بە بوونی هیچ گرووپێکی چەکدار نادات کە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بخاتە مەترسییەوە.

چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پێشوازی لە کلیمێنس زێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا و باڵیۆز و هەڵسوڕێنەرانی کاروباری باڵیۆزخانەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کرد.

نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەوروپا و، بەردەوامبوونی هاوبەشیی دوولایەنە لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراقدا کراوە.

بە پێی راگەیەنراوەکە، عەبوودی دووبارە جەختی لەسەر بەردەوامیی رێبازی حکوومەتی عێراق لە کرانەوە بە رووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە "حکوومەتەکەی زەیدی کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی کارنامەی کابینەکەی بە ئاراستەی دروستکردنی پەیوەندیی توندوتۆڵ و هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دۆستدا، هەمەجۆرکردنی ئابووری و، راکێشانی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێراقدا، بە شێوەیەک کە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی عێراقی هەبێت."

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت: "حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کارنامە ئەمنییەکەی بۆ سنووردارکردنی چەک لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا و بەهێزکردنی رێککەوتننامە ئەمنییەکان لەگەڵ وڵاتانی دۆست و دراوسێدا، بە ئامانجی دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر کە هاوکار بێت لە پشتیوانیکردنی چاکسازیی ئابووری لە رێگەی هاتنە ناوەوەی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ کارکردن لە عێراقدا."

ئەوەشی روون کردووەتەوە، "دەستووری عێراق رێگە بە بوونی هیچ گرووپێکی چەکدار نادات کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە."

لە لایەن خۆیەوە، کلیمێنس زێمتنەر، جەختی کردەوە کە "یەکێتیی ئەوروپا سوورە لەسەر پشتگیریکردنی حکوومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی کارنامەی وەزارییەکەیدا، ئەمەش بە پێی ئەو دیدگا چاکسازییە جیددییەی کە لە لایەن حکوومەتەکەی زەیدییەوە پەیڕەو دەکرێت." 

ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا خاوەنی پەیوەندییەکی مێژوویی بەهێزن لەگەڵ عێراقدا و، بەرز نرخاندن و شانازیکردنی خۆشیان بەم پەیوەندییەوە نیشان دا.