تەندروستیی هەولێر هۆشداری دەداتە دایک و باوکان

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، کەمپینی کوتانی منداڵان دژی نەخۆشیی سۆریژە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 منداڵ کوتراون، ئاشکراشی دەکات لە کاتی تۆمارکردنی هەر حاڵەتێکدا، تیمی گەڕۆک بەپەلە نێردراونەتە شوێنی نیشتەجێبوونی تووشبووەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پرۆسەی کوتانەکە لە شەممە تا پێنجشەممە بەردەوامە و لە رۆژانی 15 تا 17ی ئەم مانگەوە دەستپێکراوە، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 200 منداڵ کوتراون.
بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ وەرگرتنی ناونیشانی هەر منداڵێک کە تووشی سۆریژە بووبێت، تیمی کوتانی بنکە تەندروستییەکە رەوانەی گەڕەکەکە دەکرێت و (30) منداڵ لە دەوربەری ماڵی تووشبووەکە بەپەلە دەکوترێن بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگرێت، چونکە نەخۆشییەکە لە ڕێگەی هەوا و هەناسەدانەوە بڵاودەبێتەوە و هەر منداڵێکی تووشبوو دەتوانێت 10 منداڵی دەوروبەری خۆی تووش بکات.

هۆکارەکانی بڵاوبوونەوە و کەمتەرخەمیی دایک و باوکان


پاراستنی تەندروستی هەولێر جەختی کردەوە، ڤایرۆسی سۆریژە لەناو ژینگەکەدا بوونی هەیە، بەڵام لەماوەی 2 تاوەکو 3 ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئەو منداڵانەی کوتانیان دواکەوتووە لە کۆمەڵگەدا زیادی کردووە، نەخۆشییەکە سەریهەڵداوەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد لە وەرزی هاوین و پشووی قوتابخانەکاندا، بەشێک لە دایک و باوکان کوتانی منداڵەکانیان لە تەمەنی 2 ساڵییەوە تاوەکو 6 ساڵی دواخستووە، بەمەش منداڵەکەیان لە وەرگرتنی ژەمی سێیەمی کوتان بێبەش بووە.

هاوكات هۆکارەکانی نەبردنی منداڵان بۆ بنکە تەندروستییەکان بۆ چەند خاڵێک گەڕێندرایەوە، لەوانە:

1.  دووریی ماڵی هاووڵاتییان لە بنکە تەندروستییەکان.

2.  رنگینەدان و کەمتەرخەمی لە پرۆسەی کوتاندا.

3.  ترسی دایک و باوکان لە تای دوای کوتان، کە بەهۆی روودانی تایەکی بەهێز لە کوتانەکانی پێشوودا، بڕیاریان داوە ئیتر منداڵەکانیان نەکوتن.

خشتەی پێویست بۆ کوتانی سۆریژە (3 ژەمەکە)
تەندروستیی هەولێر باسی لەوەش کرد، بۆ ئەوەی منداڵ تووشی سۆریژە نەبێت یان ئەگەری تووشبوونی زۆر کەم بێتەوە، پێویستە پابەندی خشتەی کوتان بێت کە بریتییە لە:

کوتانەکانی تەمەنی 2 مانگی، 4 مانگی و 6 مانگی.

ژەمی یەکەمی سۆریژە: لە تەمەنی 9 مانگیدا (سۆریژەی تاک).
ژەمی دووەم (تەواوکاری): لە تەمەنی 18 مانگیدا / ساڵ و پێنج مانگی (سۆریژەی تێکەڵاو/MMR).
لە کۆتاییدا تەندروستیی هەولێر جەختی کردەوە، هەر منداڵێک هەرسێ ژەمی کوتانی سۆریژە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا وەربگرێت، بەرگریی تەواوی دەبێت و بە هیچ شێوەیەک تووشی ئەو نەخۆشییە نابێتەوە، بۆیە داوا لە دایک و باوکان دەکرێت بێباك نەبن و منداڵەکانیان بکوترێن.