دادگای باڵای فیدراڵی پێنج سكاڵا لە دژی هەرێمی كوردستان رەتدەكاتەوە

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیاری کۆتایی لەسەر پێنج سکاڵای جیاوازدا کە دژی بەرپرسان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوون و سەرجەم سکاڵاکان بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندیی یاسایی لەو بوارەدا رەتکردەوە.

چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، ئەیاد کاکەیی، پارێزەر، بە کوردستان24ـی گوت: چوار لە سکاڵا لە لایەن وەزیری پێشووی دارایی عێراق، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی رافیدەین، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی رەشید و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نیشتمانیی دڵنیایی، دژ بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دادی هەرێمی كوردستان تۆمارکرابوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، سکاڵاکاران داوایان کردبوو کە بڕیارێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (کە لە تشرینی دووەمی 1992 دەرچووە) بە نادەستووری بناسرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە. بەپێی ئەو بڕیارە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەندارێتیی تەواوی ئەو موڵکانە دەکات کە هی حکوومەتی عیراقن و کەوتوونەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، چونکە دوای بڕیارەکەی ساڵی 92 گواستراونەتەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.

دادگای فیدراڵی رایگەیاندووە، کە یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەریی و تایبەتمەندیی ئەواندایە، بۆیە بڕیاریدا بە رەتکردنەوەی هەر پێنج سکاڵاکە بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی تایبەتمەند.