ناتانیاهۆ: رێگە بە جێگیربوونی سەربازیی تورکیا لە سووریا نادەین

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل،رایگەیاند، هەرگیز رێگە بە جێگیربوون و پێشڕەویی سەربازیی تورکیا بەرەو باشووری سووریا نادات؛ ئاشکرای کرد سەرەتا پەیامی هۆشدارییان دابووە ئەنقەرە بۆ دوورکەوتنەوە لە فڕۆکەخانەی نزیک حەلەب، بەڵام کاتێک تورکیا گوێی بە هۆشدارییەکە نەدا، لە رێگەی هێرشی سەربازییەوە پەیامەکەیان بە شێوازێکی روونتر پێگەیاندوون.

چوارشەممە 19ی ئابی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا بە راشکاوی هۆکاری هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی نزیک حەلەب ئەبو زهور لە باکووری سووریا خستەڕوو.

ناتانیاهۆ لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل ناڕازییە لە هەر جووڵەیەکی سەربازیی تورکیا بەرەو باشوور و گوتی: ئێمە بەرگەناگرین و رێگە نادەین بە جێگیربوونی سەربازیی تورکیا کە بەرەو باشوور دادەبەزێت، چونکە ئەوان هەڕەشە لە ئێمە دەکەن. ئێمە ئەم بابەتەمان بە شێوەیەکی گشتی روون کردووەتەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی تورکیا کرد بۆ جێگیربوون لە باکووری سووریا و گوتی: ئێمە بینیمان کە تورکیا نیازی هەیە لە فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لە باشووری هێڵی سنووری خۆی لە نزیک حەلەب جێگیر ببێت؛ بۆیە ئێمە پەیامێکمان پێگەیاندن. ئەگەر پێت بڵێم چۆن پێناسەی ئەو پەیامە دەکەم؟ تەنیا لە یەک وشەدا بوو: (مەیکەن).

کاتێک پرسیاری لە ناتانیاهۆ کرا ئایا پەیامەکە گەیشت، لە وەڵامدا گوتی: پەیامەکە گەیشت، بەڵام وادیارە گوێیان لێ نەبوو و لێی تێنەگەیشتن، بۆیە لە رێگەی هێرشەکەوە دڵنیا بووینەوە لەوەی کە بە شێوازێکی زۆر باشتر لە پەیامەکە تێبگەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، تەلئەڤیڤ رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی نادات و سووریا بە رێگەدان بە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لە بنکەیەکی ئاسمانیی نزیک حەلەب، لە لێواری بەزاندنی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوانیاندا بووە.

لە راگەیەندراوەکەدا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دابوو، ئیسرائیل و سووریا لەسەر هێشتنەوەی دۆخی بەرقەرار لە بابەتە ئەمنییەکاندا رێککەوتبوون، بەڵام سووریا لەسەر لێواری بەزاندنی ئەم رێککەوتنە بوو، ئەوەش بە رێگەدان بە هێزەکانی تورکیا بۆ ئەوەی لە بنکەیەکی ئاسمانی لە نزیک شاری حەلەب جێگیر ببن.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونیشی کردبووەوە، ئیسرائیل بە بەردەوامی هۆشداریی دابووە سووریا کە جێگیرکردنی ئەو هێزانەی تورکیا هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵام دیمەشق بڕیاری دا ئەو ئاگادارکردنەوانە پشتگوێ بخات.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، هەڵوێستی فەرمیی ئەنقەرەی لە بارەی لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی خستەڕوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتبوو: ئەو تۆمەت و بانگەشانەی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە خراونەتەڕوو هیچ بنەمایەکی راستییان تێدا نییە و بێ بایەخن، و ئامانج لێیان تەنیا شەرعیەتدانە بەو هێرشە ئاسمانییە نایاساییانەی کە ئیسرائیل دەیکاتە سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا.