گەلاوێژ دەرکەوتووە؟
کەشناسی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە دابەزینی پلەکانی گەرما دەکات و شارەزایەکی فەلەکناسیش دەڵێت، ئەستێرەی گەلاوێژ بەدەرکەتووە.
دەربارەی ئەم بابەتە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: پلەکانی گەرما لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو نزمبوونەوە دەچن، بەڵام تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول ماوە ماوە شەپۆلی کورت و لاوازی گەرما روو لە ناوچەکە دەکەن.
بەشی پێشبینییەکان روونی کردەوە، لەگەڵ کورتبوونەوەی رۆژەکان و درێژبوونی شەو، پلەکانی گەرما بەرەو دابەزین دەچن، بەڵام ئەوە مانای نەمانی تەواوەتیی گەرما نییە. ئاماژەی بەوەش کرد، پلەکانی گەرما بەتایبەت لە شەواندا بە نزیکەیی 9 پلەی سیلیزی دابەزیون؛ بۆ نموونە لە شاری هەولێر 15 رۆژ پێش ئێستا پلەی گەرمیی شەوان 35 پلە بوو، بەڵام ئێستا بۆ 26 پلەی سیلیزی دابەزیوە.
دەربارەی شەپۆلەکانی گەرمای هاوینی ئەمساڵ، کەشناسیی هەرێم ئاشکرای کرد، بەرزترین پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی کەلار و خانەقین تۆمار کراون کە گەیشتبووە 50 پلەی سیلیزی.
ئەستێرەی گەلاوێژ و پەیوەندیی بە فێنکبوونی کەشوهەواوە
لەلایەکی دیکەوە، ئەژی چەتۆ، شارەزای فەلەکناسی لە لێدوانێکدا تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: ئەستێرەی گەلاوێژ رۆژانە دوو خولەک دێتە پێشەوە، لە وەرزی هاویندا و بەتایبەت لە نێوان 6 بۆ 7ـی مانگی ئاب لە کاتی خۆرهەڵاتندا بەدەردەکەوێت، بەڵام لە وەرزی بەهاردا لە کاتی خۆرئاوابووندا بە ئاسانی دەبینرێت.
دەربارەی بەستنەوەی دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ بە دابەزینی پلەکانی گەرما، ئەو شارەزایەی فەلەکناسی گوتی: "ئەو ئەستێرەیە راستەوخۆ هیچ پەیوەندییەکی بە بەرگە هەوای زەوییەوە نییە، چونکە زۆر لە زەوییەوە دوورە، بەڵام هاوکاتبوونی دەرکەوتنی لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەم وەرزەدا رۆژ بەرەو کورتبوونەوە دەچێت، شەو درێژ دەبێت و سێبەریش درێژتر دەبێتەوە."
گەلاوێژ لە فەرهەنگ و کەلەپووری کوردیدا
دیاردەی "کەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ" لە فەرهەنگی کوردی و بەتایبەت لە لای کەسانی بەتەمەن ، وەک ئاماژەیەک بۆ هاتنی فێنکاتی و کۆتاییهاتنی گەرمای بەتەوژم لێکدەدرێتەوە. لە کەلەپووری کوردەواریدا وای لێکدەدەنەوە کە لەگەڵ کەوتنی گەلاوێژدا:
بەرە بەرە کەشوهەوا بەرەو فێنکی دەچێت.
بەروبوومی ڕەز و باخەکان و بەتایبەت ترێ شیرین دەبێت.
ڕەز و باخەکان پێویستیی کەمتریان بە ئاودان دەبێت.
باڵندەی حاجی لەقلەق و باڵندە کۆچەرەکان بەرەو ناوچەی گەرمتر کۆچ دەکەن.
شایەنی باسە، "گەلاوێژ" جگە لەوەی ناوێکی فەلەکییە، یەکێکیشە لە مانگە کوردییەکان لە وەرزی هاویندا، کە دوای مانگی پۆشپەڕ دێت و لەگەڵ هاتنیدا پلەکانی گەرما وردە وردە بەرەو دابەزین دەچن.