سێنتکۆم: ئاراستەی 65 کەشتیی بازرگانیمان گۆڕیوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە نوێترین ئاماریدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی سەپاندنی گەمارۆیە دەریاییەکان بەسەر ئێراندا، کەشتیگەلە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە لە ئاوەکانی ناوچەکەدا تا رێکەوتی 19ـی ئاب ئاراستەی 65 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و رێکاری سەربازییان بەرامبەر چەندین کەشتیی دیکە گرتووەتە بەر.

چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پەیامێکی فەرمیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، سەرنجی خستە سەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی هێزەکانی لە ئاوەکانی ناوچەکە بە مەبەستی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەر و کەناراوەکانی ئێران.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کرد، کەشتیی جەنگیی مووشەکهەڵگری (USS John Paul Jones - DDG 53) لە ئاوەکانی ناوچەکەدا جێگیر کراوە و کارمەند و سەربازانی هێزی دەریایی لە ژووری ئۆپەراسیۆن و زانیارییە جەنگییەکانی ناو کەشتییەکە، بەردەوام چاودێریی هێڵەکانی کەشتیوانی دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی گەمارۆکە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، تا رێکەوتی 19ـی ئابی 2026، هێزەکانی ئەمریکا ئاراستەی 65 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە؛ 3 کەشتیی بازرگانیشیان کە سەرپێچیی رێنماییەکانیان کردووە و پەکخستووە؛ هاوکات پشکنینیان بۆ 2 کەشتی کردووە.