ترەمپ: گەرووی هورمز لە داهاتوودا گرنگی خۆی لە دەست دەدات

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، دروستکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی لە هێڵەکانی بۆریی نەوت وادەکات گەرووی هورمز لە داهاتوودا گرنگییە مێژووییەکەی لەدەست بدات؛ هاوکات بەپێی زانیارییەکانی (ئەکسیۆس)، سوپای ئەمریکا بە نهێنی رێڕەوێکی پارێزراوی لە باشووری گەرووەکە کردووەتەوە و رۆژانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ژێر چاودێریی فڕۆکە جەنگییەکاندا هەناردە دەکرێت.

چوارشەممە 19ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرنجی خستە سەر داهاتووی کەرتی وزە و رایگەیاند کە پشتبەستنی جیهان بە گەرووی هورمز بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.

ترەمپ گوتی: ژمارەیەکی پێوانەیی لە هێڵی بۆرییەکانی نەوت لە شوێنی جیاوازدا دروست دەکرێن. بۆیە پێموایە گەرووی هورمز لە داهاتوودا هێندەی رابردوو گرنگ نابێت. دەبینین لە داهاتوودا چی روودەدات، بەڵام ئێستا گەرووەکە کراوەیە و کەشتییەکی زۆر هاتوچۆی پێدا دەکەن؛ میدیاکان باسی ئەمە ناکەن، بەڵام ئێستا بەردەوام کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووەکە دەپەڕنەوە.

هاوکات لەگەڵ قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا، ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری بەرپرسانی باڵای سەربازیی واشنتنەوە وردەکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنە نهێنییەی ئاشکرا کرد کە لە گەرووی هورمزدا بەڕێوەدەچێت و ئاماژەی داوە، هێزەکانی ئەمریکا رێڕەوێکی پارێزراوی کەشتیوانییان لە کەناڵی باشووری گەرووی هورمز و بە درێژایی کەناراوەکانی عومان کردووەتەوە.

باسی لەوەش کردووە، شەوانە لە نێوان 15 بۆ 20 کەشتیی نەوتهەڵگر لەو رێڕەوەوە هاتوچۆ دەکەن و نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا (کە دەکاتە نیوەی ئاستی پێش شەڕ) دەگوازنەوە، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو تەنگژەی دابینکردنی وزەی لە بازاڕەکانی جیهاندا کەمکردووەتەوە.

بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کرد کە ئەم پرۆسەیە لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە تەواوەتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەماهەنگیی بۆ دەکرێت، و فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بەردەوام بەسەر ئاسمانی گەرووەکەدا دەسووڕێنەوە تا کەشتییەکان لە هێرشی مووشەکی کرووز و درۆنەکانی ئێران بپارێزن.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئەم دواییەی سوپای ئەمریکا سیستەمەکانی چاودێری و راداری دەریایی ئێرانیان تێکشکاندووە، بە جۆرێک تاران ئێستا توانایەکی زۆر سنوورداری هەیە بۆ بینین و چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییەکان لەو ڕێڕەوە پارێزراوەدا.