سیروان بارزانی: بڕیارەکانی دژی کۆڕەک تیلیکۆم شەڕێکی ئابووری و سیاسییە دژی هەرێمی کوردستان

سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دژی کۆڕەک تیلیکۆم، نایاسایی و بێبنەمان و بەشێکن لە شەڕێکی ئابووری، سیاسی و ئەمنی دژی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم تایبەت بە کوردستان24،  ئاشکرای کرد، بڕیارەکانی کۆمیسیۆن زۆر بە روونی لایەنگیریی رکابەرەکانی کۆڕەک دەکەن و ریکلامیان بۆ دەکەن، جەختیشی کردەوە کە لایەنێکی سیاسی کۆمیسیۆنەکەی قۆرخ کردووە و تاوەکو ئێستاش هۆکاری راستەقینەی ئەم کارە نادادپەروەرانەیە زانراو نییە.

سیروان بارزانی دووپاتی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک سەرۆکی کۆمیسیۆن مافی دەرکردنی بڕیاری وەها ناڕەوا و نایاسایی نییە و رێکارەکانیان دوورن لە هەموو بنەمایەکی یاسایی.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم داوای لە حکوومەتی عێراق و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کرد، رێگری لەم جۆرە کردەوە نابەرپرسانەی بڕیاردەرانی کۆمیسیۆن بگرن، هۆشداریشی دا کە هەڵسوکەوتی ئەم جۆرە بەرپرسانە دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق لەسەر ئاستی جیهان وەک وڵاتێکی بێیاسا دەربکەوێت.

لێدوانی سیروان بارزانی دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق داوا لە سەرجەم بەکارهێنەرانی هێڵی کۆڕەک تیلیکۆم دەکات، بەپەلە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان، ئەمەش وەک رێوشوێنێکی خۆپارێزی دێت بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی کە ژمارەی کۆڕەکیان بۆ پشتڕاستکردنەوە (تەحەقوق) یان چونەژوورەوەی ئەپڵیکەیشن و سۆشیاڵ میدیاکان بەکاردەهێنن، تاوەکو تووشی کێشەی نەگەیشتن بە هەژمارەکانیان نەبن لە ئەگەری ڕاوەستانی خزمەتگوزاری نامەی ژمارەکانی کۆڕەک.