ئەترووشی: هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی پێشەنگە لە بەهاناوەچوونی ئاوارەکاندا
ئەترووشی ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی دەکات بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکان
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە رۆژی جیهانیی کاری مرۆییدا داوای دۆزینەوەی چارەی بەردەوام و گونجاو بۆ دۆسیەی ئاوارەکان دەکات بە جۆرێک کە ژیانێکی بە شکۆ و سەلامەتیان بۆ دابین بکات.
چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: "لە رۆژی جیهانیی کاری مرۆییدا، پێویستە رێز لە کارمەندانی رێکخراوە مەدەنییەکان، خۆبەخشان، تیمەکانی فریاگوزاری و لایەنە پاڵپشتیکارەکان بگیرێت و پاداشت بکرێن، ئەمەش وەک پێزانینێک بۆ ڕۆڵی مرۆیی و کارکردنی بەردەوامیان لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگە و هاوسۆزی لەگەڵ زیانمەندبووانی کارەسات و قەیرانەکاندا."
هاوکات ستایشی هەوڵە ناوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە مۆدێلێکی گرنگی پێشکەش کرد لە بەهاناوەچوونی سەدان هەزار ئاوارە و دابینکردنی هاوکاری و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆیان، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەوتییەکاندا.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە، بۆ کارکردن لەسەر دۆزینەوەی چارەی درێژخایەن بۆ دۆسیەی ئاوارەکان، بە جۆرێک کە ژیانێکی بە شکۆ و ئارام بۆ خێزانەکانیان دابین بکات و مەرج و ژینگەی گونجاویش بڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان.