پەیامێکی نوێ لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ "ئەلمۆنیتۆر"، تیشکی خستە سەر داهاتووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و سیستەمی بەرگریی پاتریۆت، هێرشە درۆنییەکان، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، دۆخی ناوچەکە و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان هیچ هەڕەشەیەکی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ دروست نەکردووە و رایگەیاند "ئەم هەوڵانە تەنیا بۆ ترساندنی هەرێمی کوردستانە و دەیانەوێت کوردستان رابکێشنە ناو ململانێکەوە کە لایەنی کوردی بە توندی دژایەتی دەکات. ئەوەی بۆچی هێرشمان دەکەنە سەر، پرسیارێکە دەبێت لە دەسەڵاتدارانی ئێران بپرسرێت."

هێرشەکانی 17ـی ئاب و جۆری درۆنە ئێرانییەکان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، سەرکۆنەی تەواوی ئەو هێرشە بێ ‌بیانووانە دەکەن کە لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا لە 28ـی شوباتەوە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و ژمارەیان 1000 هێرشی درۆنی بووە، ئاشکراشی کرد، هێرشەکانی 17ـی ئاب کە نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کردبووە ئامانج، "هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی هەرێمەکە."

سەبارەت بە رەتکردنەوەی بەرپرسایەتی لەلایەن وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆککۆماری ئێرانەوە، مەسرور بارزانی گوتی "ئەو درۆنانەی بەکار هێنراون لە جۆری 'حەدید-110 توربۆ'ی دروستکراوی ئێرانن و لە ناو خاکی ئێرانەوە هاتبوون، پێم وایە دەبێت بەرپرسانی ئێران خۆیان وەڵام بدەنەوە و لێکۆڵینەوە بکەن چۆن ئەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە تەنیا لەلای ئەوان هەیە، لەلایەن کەسانی دیکەوە بۆ هێرشکردنە سەر دەرەوەی وڵاتەکەیان بەکار دەهێنرێن."

هاوکات ئاماژەی بە سەردانی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ عێراق کرد و رایگەیاند، چاوەڕوان دەکات سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بورووژێنێت، چونکە بەغدا بە فەرمی سەرکۆنەی هێرشەکانی کردووە و داوای لێکۆڵینەوەی کردووە.

کشاندنەوەی پاتریۆت و داواکاری بۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی

مەسرور بارزانی، نیگەرانیی خۆی لە کشانەوەی هێزەکانی مەشق و راهێنانی ئەمریکا و گواستنەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی "پاتریۆت" پێش وادەی 30ـی ئەیلوول دەربڕی و رایگەیاند "نەمانتوانیوە ئەو سیستەمە کاریگەرانە بەدەستبهێنین کە دەتوانن لەو هەڕەشانە بمانپارێزن، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن. کشانەوەی ئەم سیستەمانە دەمانخاتە مەترسییەوە و نامانەوێت بۆشایی ئەمنی بەجێبهێڵێت."

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەندە هاوکارانی ئەمریکی سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی زۆربەی مووشەک و درۆنەکان، بەڵام کوردستان مەترسی لەسەرە و مانەوەی هێرشەکانیش قبووڵکراو نییە، بۆیە داوای لە هەموو دۆستانی هەرێمی کوردستان کرد هاوکارییان بکەن تا ببنە خاوەنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، سیستەمی دژەدرۆن و بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان، ژێرخانی ئابووری و کەرتی وزە.

لەبارەی لێدوانەکانی تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، کە لە میانی ئیدانەکردنی هێرشەکانی 17ـی ئابدا، مەسرور بارزانی بە "هاوڕێ و هاوبەشێکی بەنرخ" ناوزەند کرد و هەرێمی کوردستانیشی بە "هاوپەیمانێکی جێگەی متمانەی ئەمریکا" ناو برد.

سەرۆکوەزیران رایگەیاند، پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا زۆر بەنرخە و شانازیی پێوە دەکەن، هیواشی خواست هاوبەشیی نێوانیان لە دوای کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لە شێوازی جیاوازدا بەردەوام بێت. 

پشتیوانی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان

پەیوەست بە دۆخی سیاسیی عێراق، مەسرور بارزانی، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە دۆستێکی راستەقینە و جێی متمانە وەسف کرد کە کار بۆ بەرژەوەندیی وڵات دەکات، پشتیوانیی بەهێزی خۆی بۆ هەنگاوەکانی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، سەپاندنی سەروەریی یاسا و چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان دووپات کردەوە.

سەبارەت بە دواکات کە زەیدی بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان لە 30ی ئەیلوول دیاریی کردووە، سەرۆکوەزیران هیوای خواست ئەو گرووپە چەکدارانە پێش ئەو وادەیە چەکەکانیان رادەستی حکوومەت بکەن و بخرێنە ناو هێزە ئەمنییەکانەوە، گوتیشی "پێموانییە کەس بیەوێت ململانێی سەربازی یان ئاژاوە لە وڵاتدا ببینێت، بەڵام پێویستە حکوومەت ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و سەروەریی وڵات جێبەجێی بکات، ئەگەر هاوکاریی سەرۆکوەزیرانیش نەکرێت، رووبەڕووی لێکەوتەکان دەبنەوە."

سەرۆکوەزیران روونیشی کردەوە، هەمیشە کێشەکانی عێراق بە دۆخی ئێرانەوە دەبەسترێنەوە، بەڵام پێویستە عێراقییەکان بەرژەوەندیی نیشتمانی و ئاسایشی وڵاتەکەیان بخەنە پێش هەموو شتێکەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی ململانێکانی ئێران بەرەو کوێ دەچن.

دۆخی ئابووری، رۆڵی هەرێم لە ناوچەکە و کەرتی نەوت

لە لایەنی ئابوورییەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ژێر دروشمی "بازرگانی نەک ململانێ" دەربڕی، ئاماژەی بە کۆنفرانسی وزەی ئەلمۆنیتۆر کرد کە بە بەشداریی کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا بەڕێوە چوو و رایگەیاند "حکوومەتی هەرێم هەنگاوی گەورەی ناوە بە جێبەجێکردنی میکانیزمێک بە پاڵپشتیی واشنتن بۆ فرۆشتنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان."

مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، دەرگای کوردستان کراوەیە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان نەک تەنیا لە کەرتی وزە، بەڵکو لە کەرتی کشتوکاڵ، ژێرخان و تەکنەلۆجیاشدا، بە پێویستیشی زانی ژینگەیەک دابین بکرێت کە وەبەرهێنان و کارمەندەکانیان بە پارێزراوی بمێننەوە.

هاوکات ئاماژەی بە پەیوەندییە باشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و حکوومەتی نوێی سوریا کرد و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەرێکی ئەرێنی بووە بۆ هاوکاریکردنی دەستپێشخەریی ئاشتی لە تورکیا و تێکەڵبوونەوەی سیاسی لە سووریا.

دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت و چالاککردنەوەی پەرلەمان

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی نیگەرانی خۆی دەربڕی کە دوای زیاتر لە 20 مانگ لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2024 هێشتا حکوومەت پێکنەهێنراوە.

مەسرور بارزانی ئاشکراشیکرد "ویستی ئێمە ئەوە بوو دەستبەجێ حکوومەتێکی گشتگیر پێکبهێنین و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوبەشی سەرەکیمان بێت، بەڵام ئەوان ویستیان چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن، سەرەڕای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی لەسەرانسەری عێراق و کوردستان بەدەست هێنا، بەڵام دیسان حکوومەت پێکنەهێنرا."

سەرۆکوەزیران داوای چالاککردنەوەی دەستبەجێی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند "دەستی دۆستایەتی بۆ تەواوی لایەنەکان درێژ دەکەین تا بێن و بەشدار بن لە پێکهێنانی حکوومەت، کە ئەمە لە بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستاندایە".

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئاسۆی پەیوەندییەکان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات، بەڵام هیوادارە ئەم هەنگاوە بۆشایی ئەمنی دروست نەکات.

گوتیشی "ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییە بەهێزەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لە دەرەوەی هاریکارییە سەربازییەکان لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی زیاتر فراوان بکەین، و هەرێمی کوردستان وەک متمانەپێکراوترین و دڵسۆزترین هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە."