پەیامێکی نوێ لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، هیچ هەڕەشەیەکمان بۆ سەر ئاسایشی دراوسێکانمان دروست نەکردووە، بەڵام دەبێت لە ئێران بپرسن بۆچی هێرشمان دەکەنە سەر.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئەلمۆنیتەر دەربارەی چەند پرسێکی نێوخۆیی و هەرێمی قسەی کرد و رایگەیاند، ئێمە هیچ هەڕەشەیەکمان بۆ سەر ئاسایشی دراوسێکانمان دروست نەکردووە، سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش، گوتی، ئەو پرسیارە دەبێت لەوان بکرێت کە بۆچی هێرشمان دەکەنە سەر.
سەرۆکوەزیران روونیکردەوە، هەوڵەکان تەنیا بۆ ترساندنی هەرێمی کوردستانە و دەیانەوێت کوردستان رابکێشنە ناو ململانێکەوە کە لایەنی کوردی بە توندی دژایەتی دەکات، سەبارەت بە رەتکردنەوەی بەرپرسیارێتی لەلایەن ئێرانەوە، سەرۆکوەزیرا گوتی، پێموایە دەبێت بەرپرسانی ئێران خۆیان لێکۆڵینەوە بکەن چۆن ئەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە تەنیا لەلای ئەوان هەیە، لەلایەن کەسانی دیکەوە بۆ هێرشکردنە دەرەوەی وڵاتەکەیان بەکاردەهێنرێت.
مەسرور بارزانی، نیگەرانی خۆی لە کشانەوەی هێزەکانی مەشق و راهێنانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و گواستنەوەی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت دەربڕی و رایگەیاند، نەمانتوانیوە ئەو سیستمە کاریگەریانە بەدەستبهێنین کە دەتوانن لەو هەڕەشانە بمانپارێزن، بەڵام هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی ئەو توانایانە بەردەوامن، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد ئێستا پشت بەو پاڵپشتییانەی دۆستە ئەمریکییەکان دەبەستن کە سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی زۆربەی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.
سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیدایە و مانەوەی هێرشەکان قبووڵکراو نییە، بۆیە داوای لە هەموو دۆستانی هەرێمی کوردستان کرد هاوکارییان بکەن بۆ بنیادنانی ئەو توانا بەرگرییانە.
پەیوەست بە دۆخی سیاسی عێراق، مەسرور بارزانی، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرکردەیەکی راستگۆ و دۆست وەسف کرد کە کار بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکە دەکات و رایگەیاند، پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ ئەو دەربڕیوە لە کارەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هێنانەدی سەروەری یاسا و چەکداماڵینی میلیشیاکان.
سەبارەت بە دواکات کە زەیدی بۆ چەکداماڵینی میلیشیاکان لە 30ـی ئەیلول دیاریی کردووە، سەرۆکوەزیران هیوای خواست ئەو گرووپە چەکدارانە پێش ئەو وادەیە پابەند بن. گوتیشی، پێموانییە کەس بیەوێت ململانێی سەربازی یان هەر جۆرە ئاژاوەیەک لە وڵاتدا ببینێت، بەڵام پێویستە حکوومەت ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و سەروەری و بەرگری لە وڵات جێبەجێی بکات.
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، هەمیشە پرسەکانی عێراق بە دۆخی ئێرانەوە دەبەسترێنەوە، بەڵام پێویستە عێراقییەکان بەرژەوەندی نیشتمانی و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەیان لەپێشینە دابنێن، بەبێ ئەوەی کاریگەری ململانێکانی ئێران لەبەرچاو بگرن. هاوکات پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەقامگیری ناوچەکە و هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەتایبەت لە کەرتی نەوتدا دووپات کردەوە.
سەبارەت بە دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: رایگەیاند دەستی دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکەم و داوا دەکەم بێن و بەشدار بن بۆ پێکهێنانی حکوومەت، کە ئەمە لە بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستاندایە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێمە پاڵپشتی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەین، بەڵام هیوادارین ئەو کشانەوەیە بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکەدا دروست نەکات. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییە بەهێزەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لە دەرەوەی هاریکارییە سەربازییەکان فراوان بکەین و هەرێمی کوردستان وەک متمانەپێکراوترین و دڵسۆزترین هاوبەشی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.