لە ئەنجامی هێرشێکی رووسیا چەندین ئۆکرانیی بوونە قوربانی

رووسیا هێرشێکی مووشەکیی بەرفراوان دەکاتە سەر کیێڤی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئۆکرانیا، بەهۆیەوە چەندین کەس کوژران و بریندار بوون، هاوکات مۆسکۆش خستنەخوارەوەی سەدان درۆنی ئۆکرانی رادەگەیەنێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026 رووسیا هێرشێکی مووشەکیی بەرفراوانی کردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی هێرشەکەوە لانی کەم دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، جگە لەوەی زیانێکی زۆر بە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و کۆگاکان گەیشتووە.

ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، مووشەکەکانی رووسیا چەند گەڕەکێکی نیشتەجێبوونیان پێکاوە و بەهۆیەوە نهۆمە بەرزەکانی باڵەخانەیەکی 9 نهۆمی رووخاون و ئاگریان گرتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەک هاووڵاتی لەناو باڵەخانەکاندا گیریان خواردووە و تیمەکان خەریکی رزگارکردنیانن.

هاوکات لە شاری خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا، هێرشی درۆنێکی رووسی بۆ سەر پاسێکی گواستنەوە، بووە هۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە. لە لایەکی دیکەوە، پۆلیسی شاری جیتۆمیر رایگەیاند، بەهۆی بەئامانجگرتنی بارەگایەکیان لە لایەن درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی رووسی، دوو کارمەندی پۆلیس کوژراون و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، لە مانگەکانی رابردوودا هێرشە دوور مەوداکانی رووسیا بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا چڕتر بوونەتەوە.

لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی رووسیا کوژرانی دوو کەسیان لە ناوچە سنوورییەکانی بێڵگۆرۆد و بریانسک راگەیاند، کە بەهۆی هێرشی درۆنەکانی ئۆکرانیاوە کرابوونە ئامانج. وەزارەتی بەرگریی رووسیاش ئاشکرای کرد، تەنیا لە ماوەی رۆژی چوارشەممەدا، 438 درۆنی ئۆکرانییان لە ئاسمانی وڵاتەکەدا تێکشکاندووە.