شەپۆلێکی گەرمای بێوێنە ئاوەکانی ئێرلاند و دەریای ناوەڕاستی گرتووەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، ئاوەکانی ئێرلاند و دەریای ناوەڕاست رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای بێپێشینە بوونەتەوە.

کەناراوە بەردین و ساردەکانی ئێرلاند چیتر وەک پێشوو نین. توێژینەوەیەکی نوێی رێکخراوی "وۆرڵد وێزەر ئەتریبووشن" ئەوەی خستووەتەروو، ئاوەکانی دەوروبەری ئێرلاند، کەنداوی بیسکای و نیمچەدوورگەی ئیبیریا رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای بەتین بوونەتەوە، هاوکات دۆخی دەریای ناوەڕاست زاناکانی زۆر نیگەران کردووە.

د. کلێر بێرگن، توێژەر لە ناوەندی ئایکارۆس دەڵێت: "دەریای ناوەڕاست بە نزیکەی سێ پلەی سەدی گەرم بووە و بەڕاستی جێگەی نیگەرانییە. ئەو بوونەوەرانەی لە ئاوە گەرمەکاندا دەژین، بەرەو دەریای ناوەڕاست کۆچ دەکەن.

ماسییەکانی ناوچە باشوورییەکان وەک ئیسپانیا بەرەو باکوور و ئێرلاند دەڕۆن، ماسییەکانی دەوروبەری ئێرلاندیش ناچارن زیاتر بەرەو باکوور و دەریای باکوور بڕۆن، ئەمەش تەنیا بۆ ژیانی دەریایی مەترسی نییە، بەڵکوو کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کۆمەڵگە مرۆییەکانیش هەیە."

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە دەریای ناوەڕاست نزیکەی دوو هێندەی تێکڕای گۆڕانی کەشوهەوای جیهانە. زاناکان جەخت لەوە دەکەنەوە، شەپۆلەکانی گەرمای ئەمساڵ لە مانگی تەممووزدا تۆمارکران، بەبێ گۆڕانی کەشوهەوا و سووتانی سووتەمەنییە فۆسیڵییەکان ئەستەم بوو رووبدەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا د. کلێر بێرگن ئاماژەی بەوە کرد: "بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، پلەی گەرمی لە دەریای سێڵتیک 1.3 پلە و لە دەوروبەری ئیسپانیا و ئیبیریا 1.4 پلە زیادی کردووە. لە دەریای ناوەڕاستیشدا تەنیا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دوو پلە گەرمی زیادیکردووە. زۆرێک لە جۆرەکانی ماسی بەرەو ئاوە ساردەکان کۆچ دەکەن، هەروەها کەمبوونەوەی ئۆکسجین لە نێو ئاودا وایکردووە ژیان بۆ ماسییەکان قورس بێت."

بۆ مرۆڤەکان، گەرمبوونی دەریاکان واتە شێداریی زیاتر لە کەناراوەکان، دروستبوونی زریانی بەهێزتر و گەرمایەکی تاقەتپڕووکێن لەسەر وشکانی. زاناکان هۆشداری دەدەن ئەگەر هەنگاوی خێرا بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان نەنرێت، ئەو کارەساتانەی ئێستا چەند ساڵ جارێک دەبینرێن، دەبنە رووداوی ساڵانە.